ستراسبۆرگ
نوێنەری مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپا نیڵس موزینێکس، ھۆشداری دا لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی خەرجگوشین (تقشف)ی ئابوری و رایگەیاند، بەھۆی ئەو تەنگژە ئابوریەی رووی لە ئەوروپا کردوە، ئەو سیاسەتە زیان بە مافی مرۆڤ دەگەیەنێ.
موزینێکس لێکۆڵینەوەیەکی لەوبارەوە ئامادە کردوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە، لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتی خەرجگوشینی ئابوری کۆمەڵگاکانی وڵاتان پێویستیان بە ھاوکارییە مرۆییەکان زیادی کردوە، ھەروەھا ئەو سیاسەتە بووەتە ھۆی ئەوەی مافە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان پێشێل بکرێن.
نوێنەری مافی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپا گوتی: لە سیاسەتی خەرجگوشین نیگەرانین ، سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجی بووەتە مایەی وەستاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان.
موزینێکس گوتیشی: سیاسەتی خەرجگوشین و پلانی نێودەوڵەتی وەک پێویست روون و ئاشکرا نین، بۆیە پێویستە لەم روەوە کاری روونتر و فراوانتر بکەین.
موزینێکس نیگەرانی لەبارەی بڕینی ھاوکاری بۆ پڕکردنەوەی قەرزی وڵاتان دەربڕی و گوتی: ھاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەڕووی تەندروستی و پەروەردە و ئاسایشەوە رووبەرووی بڕین بوەتەوە. بەھۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجەوە رەوشی منداڵان و خێزانەکان مایەی نیگەرانییە.