Haydar Karaalp
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
بەغداد-AA
کەشتی "Logos Hope" کە گەورەترین کتێبخانەی ناو ئاوە لە جیهاندا، گەیشتە بەندەری بەسڕە و لەناو رووباری شەتوڵعەرەب لەنگەری گرت.
ئەم کەشتییە نیو ملیۆن کتێب بە چوار هەزار ناونیشانی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و گەورەترین کتێبخانەی ناو ئاوە، بۆ یەکەمجار لە کەناراوەکانی شاری بەسڕە لەنگەری گرت و لەلایەن رۆشنبیران و خوێنەرانی شارەکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بڕیاریشە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ ئەم کەشتییە لە بەسڕە بمێنێتەوە.
لەپاڵ نمایشی کتێبدا چەندین چالاکی کولتووری جۆراوجۆریش لەناو کەشتییەکەدا ئەنجامدەدرێت.
سارا ناسڕ، مامۆستای زمانی ئینگلیزییە و یەکێکە لەو خۆبەخشانەی لە کتێبخانەکەدا کار دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "کەشتی 'Logos Hope' کە گەورەترین کتێبخانەی ناو ئاوە لە جیهاندا خوێنەرانی شاری بەسڕە کۆدەکاتەوە. هەربۆیە لەگەڵ هاوڕێکانم بە شێوەی خۆبەش بەشداری ئەم چالاکییە گرنگەمان کرد. ئێمە دەتوانین ببینە یارمەتیدەر بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کەسە بیانییەکانی سەر کەشتییەکە و خوێنەرانی شارەکە".
- "لە یەکەم رۆژدا ٧٠ هەزار کەس سەردانی کەشتییەکەیان کرد"
دەربارەی سەردانی هاووڵاتییانیش بۆ کەشتییەکە سارا ناسڕ رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژدا نزیکەی ٧٠ هەزار کەس سەردانی ئێرەیان کرد و بەردەوامیش ژمارەکە لە زیادبووندایە".
کەشتی "Logos Hope" سەر بە رێکخراوی خێرخوازی "کتێبی باش بۆ هەمووان"ی ئەڵمانییە و لە ساڵی ١٩٧٣ دروستکراوە. ساڵانێکی درێژ بۆ گواستنەوەی گەشتیار بەکارهێندراوە و لە دوای نۆژەنکردنەوەشی لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا وەک کتێبخانەی ناو ئاو بەکاردەهێندرێت، ساڵانە سەردانی چەندین وڵاتی جۆراوجۆر دەکات و تا ئێستا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس لە وڵاتانی جیهان سەردانی ئەم کەشتییەیان کردووە.