حەلەب
سەبارەت بە ھێرشی سوپای سوریا بۆسەر تۆڕی ئاوی شاری حەلەب، یەکێک لە چالاکوانانی ناوخۆی سوریا بە ناوی موستەفا سوڵتان لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتی: "لە ئاکامی ھێرشی بۆمبی بەرمیلی ھێزەکانی رژێمی سوریا بۆسەر ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن، بۆری ئاوی حەلەب لە چەند شوێنێکەوە تێکشکاوە و بەو ھۆیەوە کێشەی بێ ئاوی سەریهەڵداوە."
سوڵتان لە گوتەکانی باسی لەوە کرد کە بۆ دەستکەوتنی پێداویستی ئاوی خواردنەوە، خەڵکی ناوچەکە بە لێشاو بەرەو بیرەکان دەڕۆن.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە ژێرخانی زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بە تەواوەتی وێران بووە و "ھێزەکانی رژێم رۆژانە بە دەیان بۆمب ھەڵدەدەنە ئەو ناوچانەوە."
سوڵتان لە بەشێکی گوتەکانی ئاماژەی بە چۆڵکردنی دەیان ناوچە بەھۆی بۆردومانەکانەوە کرد و گوتی: "ھێزەکانی ئەسەد، بۆ ئەوەی گەل مەحرومی ئاو بکەن، ژێرخان و تۆڕی ناوچەکان تێکدەشکێنن، لە زۆرێک ناوچەکانی ژێر کۆنتڕڵی ئۆپۆزسیۆندا ئاو و کارەبا نییە، گەل لە رێگەی بیرەکانی ئاوەوە ھەوڵی دابینکردنی پێداویستی ئاوی رۆژانەی دەدا، بەھۆی ترسی قەناسەکان و بۆردومانی ئاسمانیی، گەل ناتوانێ پرد و رێگەکان بەکاربێنێ، ناتوانن بڕۆن بۆ بازاڕ و پێدوایستی بکڕن، بەو ھۆیەوە لە مانگی رەمەزاندا رووبەڕووی کێشەی کەمی پێداویستی رۆژانە دەبنەوە."