Ramal Mahmood
11 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی ١٥هەمین ساڵیادی هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە جەختی لەسەر یەکڕیزیی و یەکگرتوویی کردەوە و گوتی: "بێ هیچ وچانێک بەردەوامدەبین لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش و لەناویان دەبەین، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان''.
لە راگەیەنراوێکی کۆشکی سپیدا، پەیامی ئۆباما بەبۆنەی ١٥هەمین ساڵیادی هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە، خراوەتە ڕوو.
باراک ئۆباما لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە "١٥ ساڵ لەمەوبەر، رۆژێکی ئاسایی مانگی ئەیلوول، بوو بە یەکێک لە رۆژە هەرە دڵتەزێنەکانی مێژووی گەلەکەمان" و تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی بەڕێز و ستایشەوە یادی قوربانیانی هێرشەکان دەکەنەوە.
ئۆباما لە پەیامەکەیدا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا زۆر شت گۆڕاوە و دەڵێت "ئەو سەرکردانەی ئەلقاعیدە کە بوونە هۆی هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر لە ناوبراون و ئوسامە بن لادن بە سزای دادپەروەرانەی خۆی گەیشت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان و رایگەیاندووە "بێ هیچ وچانێک بەردەوامدەبین لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش و لەناویان دەبەین، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان''.
ئۆباما بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تاکە ئامانجی تیرۆر لێدانە لە بەها باڵاکانی ئەمریکا بەڵام ئەوام هیچ کاتێک لە تیرۆریستان ناترسن و باسی گرنگی چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیشی کردووە و رایگەیاندووە "هەرگیز خۆمان رادەستی ئەوانە ناکەین".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی ئەمریکی بریتییە لە فرەیی و جیاوازییەکان و وڵاتەکەشی هەروا بە دەوڵەمەندیی دەمێنێتەوە.
رۆژی سێشەممەی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، دوو فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئەمریکا کە هەردووکیان لەجۆری بۆینگ بوون بە مۆدێلەکانی 767 و 757، یەک لە دوای یەک خۆیان کێشا بە بەرزترین تەلارەکانی ناوەندی بازرگانیی جیهانییدا، فڕۆکەیەکی دیکەی بۆینگ 767 خۆی بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)دا کێشا، هێرشەکان بوونە هۆی رووخاندنی تەلارەکان. چوارەمین فڕۆکەش کە فڕۆکەیەکی بۆینگی 757 بوو، لە پەنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو هەزار و ٩٤٧ کەس لە سەرنشینانی ناو فڕۆکەکان و هاووڵاتییانی ناو تەلارەکان کوژران، لەنێویاندا ١٩ کەسیان لەو تیمەدا بوون کە فڕۆکەکانیان رفاندبوو و هێرشەکانیان پێ ئەنجامدابوو.
لە دوای ئەو هێرشانەوە ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١دا دەستوەردانی سەربازیی لە ئەفغانستان کرد، لە مانگی ئاداری ٢٠٠٣دا دەستوەردانی سەربازیی لە عێراق ئەنجامدا. بەوجۆرەش لەو دوو وڵاتەدا ئاگری جەنگێکی درێژخایەن داگیرسا.