Ramal Mahmood
25 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2016
ڤیەننا - AA
پەرلەمانی نەمسا پێشنیاری پڕۆژەیاسای رێگەگرتن لە هەناردەکردنی پێداویستییە سەربازییەکان و پڕچەککردنی تورکیا پەسەند کرد.
بەپێی راگەیەنراوی پەرلەمانی نەمسا، پێشنیاری پڕۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانتارانی شەش پارتی سیاسییەوە پێشکەش کراوە و بە تێکڕای دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند کراوە.
پێشنیاری پڕۆژەیاساکە داوای کردووە لەمیانی یاسای پێداویستی جەنگی و بازرگانی دەرەوە مۆڵەت نەدرێت بە رەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو وڵاتانەی جەنگیان لەناودایە یاخود ئەگەری ئەوە هەیە جەنگ تیایاندا هەڵبگیرسێت.
پێشنیاری پڕۆژەیاساکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تورکیا مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە، بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە تورکیا ئەم چەکانە لە دژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکار دەهێنێت.
پارلەمانتاری پارتی سەوز، پیتەر پیلز لە لێدوانێکیدا گوتی: "با جارێکی دیکە هەرگیز چەکی نیشانشکێن لە نەمساوە بۆ هێزە تایبەتییەکانی تورکیا نەنێردرێت". ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە نەمسا یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەورووپایە بڕیارێکی بەم جۆرە بدات، داوایشی لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە بڕیاری لەم جۆرە بدەن.
حکوومەتی نەمسا لە ترسی لەدەستدانی دەنگی راستڕەوە پەڕگیرەکان لە هەڵبژاردنی سەرکۆمار کە لە چواری کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، دەستی کردووە بە دژایەتیکردنی تورکیا. داکۆکیکردن لە راگرتنی قۆناغی دانوستانی تورکیا- یەکێتیی ئەورووپا لەلایەن سەرۆکوەزیرانی نەمسا Christian Kern و وەزارەتی دەرەوەی نەمسا Sebastian Kurz لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بووە جێی سەرنج.
لە هەڵبژاردنەکە کاندیدی پارتی ئازادی نەمسا کە پارتێکی راستڕەوی پەڕگیرە Norbert Hofer و کاندیدی پارتی سەوزەکان Alexander Van der Bellen کێبڕکێ دەکەن بۆ بوونە سەرکۆماری نەمسا. بەپێی راپرسییە نافەرمییەکان پێدەچێت Hofer لە سەدا ٥٢ی دەنگەکان و Van der Bellen لە سەدا ٤٨ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
شەش پارتی نەمسا بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی راستڕەوە پەڕگیرەکان هەفتەی رابردوو واژوویان لەسەر پێشنیاری پڕۆژەیاسایەک کرد، بەمەبەستی راگرتنی دانوستانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا و رێگەگرتن لە هەناردەکردنی پێداویستی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە.