Ali Cura,Emre Gürkan Abay
15 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2023
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، دەربارەی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند: "هیچ یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان. واتە ئەگەر یاسایەکی نەبێت کەواتە کۆمپانیای ڤاگنەریش نییە و هیچ ئیعتیبارێکی نییە".
پوتین لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی کۆمێرسانت، باسی لە یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە حکوومەتی مۆسکۆ کرد و ئەوەی خستەڕوو کە رەوشەکە روون و ئاشکرایە بۆ گەلی رووسیا کە شەڕکەرەکانی گرووپی ڤاگنەر بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە جەنگاون بەڵام جێگای داخە کە لە ٢٤ی حوزەیراندا یاخیبوون.
سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "لە میانەی کۆبوونەوەم لەگەڵیاندا، هەم کارەکانیانم لە مەیدانی جەنگ و هەم رووداوەکانی ٢٤ی حوزەیرانم هەڵسەنگاند. بژاردەکانی تایبەت بە کارکردنی ئایندەشیانم نیشاندان".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا گرووپی ڤاگنەر وەک یەکەیەکی شەڕکەر دەمێنێتەوە یان نا، پوتین رایگەیاند: "هیچ یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان. واتە ئەگەر یاسایەکی نەبێت کەواتە کۆمپانیای ڤاگنەریش نییە و هیچ ئیعتیبارێکی نییە. ئەمانە وەک گرووپێک هەن بەڵام یاسایی نین".
سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە بەیاساییکردنی کۆمپانیا سەربازییەکان بابەتێکی جیاوازە و پێویستە پەرلەمان و حکوومەت گفتوگۆی لە بارەوە بکەن.
- پێشنیازی پوتین بۆ ئەوەی گرووپی ڤاگنەر بچێتە ژێر فەرمانی یەکێک لە فەرماندەکانەوە
ڤلادیمیر پوتین ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ٢٩ی حوزەیراندا لەگەڵ ٣٥ فەرماندەی ڤاگنەر کۆبووەتەوە و پێشنیازی دامەزراندنی جۆراوجۆری خستووەتە بەردەستیان و پێشنیازی ئەوەشی بۆ کردوون کە شەڕکەرانی ڤاگنەر بچنە ژێر فەرمانی یەکێک لە فەرماندەکان کە نازناوی "سەدا"ی هەیە، گوتیشی: "هەموویان دەتوانن لە یەک شوێندا کۆببنەوە و بەردەوامبن لە خزمەت، هیچ شتێک بۆ ئەوان ناگۆڕێت. لەلایەن هەمان کەسەوە کە هەر لە سەرەتاوە فەرماندەیان بووە، بەڕێوەدەبرێن".
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی گرووپەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەم پێشنیازە کردووە، بەڵام دامەزرێنەری ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆجین بەبێ ئەوەی ئەم پێشوازییەی بینیبێت گوتوویەتی کە پیاوەکانی بەشداریی ئەم بڕیارەیان نەکردووە.
- کۆشکی کرملین: "گفتوگۆ لەسەر بەیاساییکردنی کۆمپانیا سەربازییەکان دەکرێت"
گوتەبێژی کۆشکی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی خستەڕوو کە "گرووپی ڤاگنەر یاسایی نییە" و ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە، جەختی لەوەش کردەوە کە بەیاساییکردنی ئەم جۆرە گرووپانە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ گۆڕانکارییەکی یاسایی لەم بابەتەدا دەکرێت یان نا، پێسکۆڤ رایگەیاند: "لانی کەم گفتوگۆ لەسەر بەیاسایی کردنی کۆمپانیا سەربازییەکان دەکرێت".
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەشدا کە دەربارەی ئەوەی پوتین و پریگۆجین لە کۆبوونەوەکەی ٢٩ی حوزەیراندا گەیشتوونەتە چ رێککەوتنێک، وردەکاریی زیاتر ناخەنەڕوو و هەرچییەک پێویست بووبێت گوتوویانە.