Bekir Aydoğan
22 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2026
بانگەشەی ئهوه کرا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەو ڕێککەوتنەی پەسەند کردووە کە پێشبینی دەکات بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی بۆ سعوودیە دابینبکرێت و ئەگەری ههیه ڕێگە خۆش بکات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ (WSJ) به پشت بهستن به زانیاری بەرپرسانی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، له ههواڵێكیدا بانگەشەی ئەوەی كردووه ترەمپ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ سعوودیە پەسەند کردووە.
لە هەواڵەکەدا باس لهوه كراوه پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنە نوێیەکە ٣٠ ساڵ بخایەنێت و بەهاكهی دەیان ملیار دۆلار بێت، بانگەشەی ئەوەیش کراوە ڕێککەوتنەکە بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی بۆ سعوودیە دابین دەکات و ئەگەری ههیه ڕێگە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم خۆش بكات.
ههروهها لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئامانجی ڕێککەوتنەکە پێدانی ڕۆڵی سەرەکیە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پێشخستنی ژێرخانی ئەتۆمی سعوودیە و، بانگەشەی ئەوە کراوە ئەگەر پێویست بێت، ئهوا بەپێی هەڵسەنگاندنی هاوبەشی ئەمریکا-سعوودیە دامەزراندنی وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەم وڵاتە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدایە.
لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە ئەم مەرجە ئەمریکا باڵادهست دهكات بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی سعوودیەدا، بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپیش، پارێزگاری لەو بیرۆکەیە کراوە کە ئەم مەرجە ڕێگەیەکە بۆ ڕێگریی کردن لە خراپ بەکارهێنانی بەرنامە ئەتۆمییەکە بۆ مەبەستی سەربازی.
هاوكات لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بخرێته بهردهم کۆنگرێس.