Heman Hussein Yaseen
18 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2021
ههولێر- AA
بەیانی ئەمڕۆ ١٣مین ھەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران دەستی پێکرد و بنکەکانی دەنگدان له دهرهوهی ئێران لە کاتژمێر ههشتی بەیانییەوە کرانەوە و پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر شهشی ئێواره بەردەوام دەبێت و بە بڕیاری ناوەندی ھەڵبژاردن دەتواندرێت ئەم ماوەیە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک درێژ بکرێتەوە.
ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کاتی دەنگدان لە ناوخۆی ئێران، لە کۆنسوڵگەریی ئێرانیش لە ھەولێر لە کاتژمێر ھەشتی بەیانییەوە سندوقی دەنگدان کرانەوە و ژمارەیەک دەنگدەری ئێرانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکە کرد و پڕۆسەکەش تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە لە کۆنسوڵگەریی ئێران لە ھەولێر بە چەند قۆناغێک بەڕێوەدەچێت، سەرەتا دەنگدەر لە یەکەم وێستگەدا، پاسپۆڕت نیشانی کارمەندێک دەدات و ناوی تۆمار دەکرێت، دواتر فۆڕمی دەنگدان لەلایەن کارمەندێکی دیکە وەردەگرێت و پەنجەمۆری خۆی دەکات، پاشان لەسەر مێزێک کە وێنەی ھەر چوار بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی ئێرانی لێ ھەڵواسراوە، دەنگ بە بەربژێرێک دەدات و دواتر فۆڕمەکە دەخاتە ناو سندوقەکە.
لە ھەشتی بەیانییانەوە ھاووڵاتییان بەشداری پڕۆسەکەیان کرد، بەڵام تا ئێستاش رێژەی بەشداریکردنەکە کەمە و بڕیاریشە دوای کاتژمێر سێ سندوقەکە بگوازرێتەوە بۆ قەزای بنەسڵاوە سەر بە پارێزگای هەولێر بەھۆی ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی ئێرانی دانیشتووی قەزاکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری پڕۆسەی دەنگدانەکە بکەن.
سەرکۆنسوڵی ئێران لە ھەولێر، نەسڕوڵڵا رەشنوودی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان و رووماڵکردنی ھەڵبژاردنەکان. وەک دەزانن لە کۆنسوڵگەریی ئێران لە ھەولێر بنکەیەک کراوەتەوە و ھاووڵاتیان بەشداری تیادا دەکەن بۆ دەنگدان و، دوو بنکەمان لە قەزای سۆران و یەک بنکەشمان لە دھۆک کراوەتەوە. ھاووڵاتیانی ئێمە دەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن و دەنگی خۆیان بدەن''.
لەبارەی ئاماری دەنگدەرانییان لە ھەرێمی کوردستان، نەسڕوڵڵا رەشنوودی گوتی: ''دیار نییە کە لێره چەند دەنگدەرمان ھەیە و ئاماری وردمان نییە بەڵام ئامادەکاریی تەواومان ھەیە بۆ ھەرچەند کەسێک کە بەشداری دەنگدان بکەن. تا ئێستا ئاستی دەنگدان باش بووە و ئێوە دەزانن کە ھەینییە و خەڵک لە پشوودانن، بەڵام بڕیاریانداوە کە بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن و بێنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان''.
ھونەرمەند محەمەد فاتیحی کە بە مەبەستی دەنگدان ئامادە ببوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''پێم خۆش بوو لە سەرنویشتی ئەو خەڵکە کە من لە نێویاندا گەورەبووم بەشدار بم، ھیوادارم بێ ئومێد نەبم بەڵکو ئەمجارە شتێکی باشتر بێت و، بەشداربوونم ببێتە ھۆکارێک کە ئەنجامێکی باش بێت و پێموایە کە باشتر دەبێت''.
یەکێکی دیکە لە دەنگدەران کە بە مەبەستی کاری بازرگانی ھاتووەتە ھەولێر، دەڵێت دڵنیام ھەموو دەوڵەتمەدارانی ئێران پرسی سەرەکییان بەرنامەی ئابوورییە و لەمبارەیەوە سۆھراب قەدیمی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای کەلوپەلی ئێرانی لە پێشانگای نێودەوڵەتی سەردانی ھەولێرمان کردووە. ئەمڕۆ رۆژی دەنگدانە و ئەم دەرفەتەمان قۆستووەتەوە کە بەشداری ھەڵبژاردن بکەین. ھیوادارم کە شتی باش روو بدات و دڵنیام ھەموو دەوڵەتمەدارانی ئێمە پرسی سەرەکی بەرنامەیان ئابوورییە و ھەموو دروشمەکانیان لە بارەی ئابوورییەوە بووە. پەنابەخوا شتی باش روو دەدات''.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی ھەڵبژاردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لەکۆی نزیکەی ٨٣ ملیۆن ھاووڵاتی ئێرانی، ٢٩ ملیۆن و ٩٨٠ ھەزار و ٣٨ دەنگدەر لە رەگەزی نێر و ٢٩ ملیۆن و ٣٣٠ ھەزار و ٢٦٩ دەنگدەر لە رەگەزی مێ مافی چوونە سەر سندوقەکانی ھەڵبژاردنیان ھەیە کە ئەمەش دەکات ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ ھەزار و ٣٠٧ دەنگدەر.
لە کۆی حەوت کاندید کە کێبڕکێیان لەسەر بەدەستھێنای پۆستی سەرکۆماری ئێران دەکرد، ھەریەکە لە کاندیدی بناژۆخوازەکان، پەرلەمانتار، عەلی رەزا زاکانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەعید جەلیلی و کاندیدی چاکسازیخوازەکان و یاریدەدەری پێشووی سەرکۆمار، موحسین میھرعەلیزادە لە کێبڕکێکە کشانەوە.
بەمشێوەیە رکابەرییەکە کەوتە نێوان فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، موحسین رەزایی، پەرلەمانتار، ئەمیر حسێن قازیزادە ھاشمی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ئیبراھیم رەئیسی لە بەرەی بناژۆخوازەکان و سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران، عەبدولناسڕ ھیمەتی لە بەرەی چاکسازیخوازان.
بەپێی دەستووری ئێران، ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجامدەدرێت و ھەر سەرکۆمارێک تەنھا دەتوانێت بۆ دوو خول ھەڵبژێردرێتەوە، لەبەر ئەم ھۆیەشە حەسەن رۆحانی جارێکی دیکە خۆی نەپاڵاوتەوە.