تاران
بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری هاوبەش لە بوارەكانی بەرهەمهێنانی شیری ئامادەكراو، ئاژەڵداری، ماسی و دەستەبەركردنی تۆوی زەیتون شاندێكی پەرلەمانی فەرەنسا بە سەرۆكایەتی پاتریسیا ئادام سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە پەرمانی ئەو وڵاتە سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا كۆبۆوە.
بەپێی روونكردنەوەی وەزارەتی كشتوكاڵی ئێران، شاندێكی پەرلەمانی فەڕەنسا سەردانی تارانی كردووە و لەگەڵ مەحمود حوجەتی وەزیری كشتوكاڵی ئێراندا كۆبۆتەوە. لە دیدارێكدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كردووە لە چەند بوارێكی جیاجیای كشتوكاڵدا وەك ئاژەڵداری، پەلەوەر، ماسی و كشتوكاڵ.
لەو بارەوە پاتریسیا ئادام ئاماژەی بەوە كرد، كە وەزیری كشتوكاڵی فەڕەنسا لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانی ئێران دەكات و دەیەوێت لەو سەردانەیدا چالاكییەكانی بواری كشتوكاڵی لە ئێران لە نزیكەوە ببینێت. ئەوەشی خستەڕوو كە خواستی ئەنجامدانی كاری هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئێراندا لە كەرتەكانی وەك ئاژەڵداری، ماسی و خۆراك.چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا شاندەكەی فەڕەنسا سەردانی كۆمپانیا تایبەت و گشتییەكانی وەك كشتوكاڵ، ماسی و ئاژەڵداری ئێران بكات.
هەروەها شاندەكە لەگەڵ هەندێك لە لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران و سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە عەلائەددین بوروجەردی كۆدەبێتەوە.