Dildar Baykan,Muhammet Ali Kemal
29 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2018
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند "هەڵکشانی گرژیی سەربازیی لە باکووری خۆرئاوای سووریا، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، تەنها دەربەدەربوونی بەشێکی دانیشتوانی ناوچەکە نییە، رەنگە دەرەنجامی مەترسیداری لە رووی پاراستنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی لێبکەوێتەوە".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سەبارەت بەو بڕیارانەی دراون لەبارەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە سووریا، راپۆرتێکی بە مەبەستی تاوتوێکردنی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکردووە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکردووە، جموجۆڵی سەربازیی لە باکووری خۆرئاوای سووریا "ئاراستەیەکی مەترسیدار"ی نیشانداوە و لەو ناوچەیە سێ ملیۆن کەس دەژین و لە راپۆرتەکەیدا هاتووە "گرژیی سەربازیی هەڵکشاو لە باکووری خۆرئاوای سووریا هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، تەنها دەربەدەربوونی بەشێکی دانیشتوانی ناوچەکە نییە، رەنگە دەرەنجامی مەترسیداری لە رووی پارێزگارییکردن لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی لێبکەوێتەوە".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی لە سەرجەم لایەنەکانی سووریا کردووە و رایگەیاندووە "پێویستە لایەنەکان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا هاووڵاتییانی مەدەنی و پێکهاتە مەدەنییەکان نەکەنە ئامانج و ئەوەی لەوبارەیەوە دەکەوێتە سەرشانیان جێبەجێی بکەن. دەستڕاگەیشتن بەو کەسانەی لە سووریا پێویستیان بە هاوکارییە، بە شێوەیەکی بەردەوام و متمانەپێکراو و بێ هیچ سنووردارکردنێک، رێگریی دەکات لەوەی دۆخی مرۆیی ئەوێ بەرەو خراپتر بچێت".
لە راپۆرتەکەیدا ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەو هێرشانەی ئیدانەکردووە کە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج و رایگەیاندووە:
"لێپرسراوانی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی، پێویستە بە هۆی ئەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مرۆڤایەتییان پێشێلکردووە، دادگایی بکرێن. داواکارین بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تاوانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەگەلێکیان لە ئاداری ٢٠١١ەوە لە سووریا ئەنجامداوە کە بە تاوان ئەژماردەکرێت، میکانیزمێکی بێلایەن و سەربەخۆ پێکبهێنرێت بە هاریکاریی لایەنەکانی سووریا، سەرجەم وڵاتان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نەتەوە یەکگرتووەکان".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی ئامادەی پشتیوانییکردنی تەواون لە رژێمی سووریا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە ناوچەکە.