Hemn Baban
01 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2016
-پێش كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە هەفتەی رابردوو چەكدارانی داعش 11 بیرە نەوتی ناحیەکەیان بۆمبڕێژ كرد و تەقاندنیانەوە، بەشێكی بیرەكان چەند مەترێك لەگەڕەكەکانی ناحیەكەوە دوورن، پتر لە چوار رۆژە ئەو بیرانە دەسووتێن و زیانەكانیشیان بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێندرێت.
-بەرگری شارستانی پارێزگای سەڵاحەددین: "زیانەكانی سووتانی دەیان هەزار لیتر نەوتی خاوی ئەم بیرانە زۆر زۆرن".
گڕگرتنی بیرە نەوتییەكانی ناحیەی گەیارە مەترسی رووداو و كارەساتی ژینگەی و تەندروستی لێ دەكرێت.
چەند رۆژێكە هێشتا دووكەڵە رەشەكە تا لە ناحیەی گەیارە نزیكتربیتەوە رەشتر و زیاتر دەبێت، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" پێش بەجێهێشتنی شارەكە و شكانییان دوای هێرشەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆسەر ناحیەكە دەستیان دایە بۆمبڕێژكردنی چەندین بیرە نەوت لە ناحیەكە كە ژمارەیان 11 بیرە، تەقاندنەوەی ئەو بیرە نەوتانە لەلایەن داعشەوە سەرباری زیانی زۆری ماددی كە بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت زیانی زۆری تەندروستی و ژینگەیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لێرە لەناو گەڕەكی شەهیدانی پیاوێكی باڵا مام ناوەند وەكو خۆی دەڵێت لە سوپای عێراق كار دەكات چاوی لەدەستی كارمەندانی بەرگریی شارستانییە تا ئەو ئاگرەی لە هەفتەی رابردووەوە گڕی گرتووە و ئەو دووكەڵەی ئاسمانی ناوچەكەی تەنیوە بكوژێتەوە، بەڵام ئومێدیشی نییە، عومەر لە نزیك ئۆتۆمبیلەكانی ئاگركوژێنەوە چاوی لە خانووەكەیەتی كە بەهۆی ئەوەی تەنها چەند مەترێكی كەم لە یەكێك لە بیرە گڕگرتووەكانەوە دوورە تەواو تێكچووە و جارێكی دیكە بۆ مانەوە تێیدا پێویستی بەكار و پارەیەكی زۆرە كە ئەم لەلای نییە.
گەیارە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەدەستی داعشەوە بوو، لەو ماوەیە زۆرترین قازانجییان لە رووی مادییەوە لەم ناحیەیە كردووە كە تەنها 60 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، گەیارە بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین ناحیەكانی عێراق دادەنرێت كە مەزەندە دەكرێت پتر لە دوو ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتیی هەبێت، لێرە تا چاو بڕ بكات نەوتی خاوە، سەرچاوە و كانەكانی قیر و كبریتیش زیاتر ئەم ناوچەیەی دەوڵەمەند كردووە.
ئێستا لە ناو گەڕەكی شەهیدانی ناحیەكە ئاگرێكی گەورە بەرز دەبێتەوە كە خەڵكی ناوچەكە مەترسی كەوتنەوەی نەخۆشیشی لێ دەكەن، چەندین ئۆتۆمبیلی ئاگركوژێنەوە و چەندین كارمەندی ئاگركوژێنەوەش زۆر ماندوون و هەوڵی زۆر دەدەن بۆ كوژاندنەوەی ئەو بیرە نەوتییانەی دەسووتێت، بەڵام پێناچێت ئاگرەکە بە ئاسانی بكوژێتەوە.
موقەدەم مەیسەر موخڵیس فەیسەڵ، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی پارێزگای سەڵاحەددین لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "بەپێی رێنماییەكانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی و بە هەماهەنگی سەنتەری بەرگری شارستانی تكریت لەگەڵ سەنتەری بەرگری شارستانی بەلەد و دجێل و سامەڕا تیمەكان هەستاوین بە گرتنە ئەستۆی كوژاندنەوەی ئاگرەكە و ئێستا بەشێكیمان كوژاندووەتەوە لەم بیرەی ئێستا خەریكین، ئینشائەڵڵا دەتوانیین بیكوژێننەوە و هەوڵی زۆر دەدەین بۆ رزگاركردنی شارەكە لەم ئاگرە".
سەبارەت بە زیانەكانی ئەو تەقاندنەوەی داعش بۆ بیرەكان پەیڕەوی كردووە ناوبراو گوتی: "زەرەرەكان زۆر زۆرن، بەدەیان هەزار لیتر نەوتی خاو سووتاوە و وا دەسووتێن، ژمارەی ئەو بیرانەی داعش تەقاندوونیەوە لێرە 11 بیر دەبێت و تا ئێستا سەرقاڵی كوژاندنەوەی یەكێك لەو 11 بیرەین و بەتەواوەتی نەمانكوژاندووەتەوە".
ناوبراو داواشی لە كۆمپانیای پاڵاوگەكانی باكوور كرد كە بە زووترین كات غاز و فووم و پێداویستییەكانی دیکەیان بۆ دابین بكات، چونكە بەقسەی ئەو ئەگەر بەهانایانەوە نەچن بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.
ئاگرەكەی بیرە نەوتییەكانی گەیارە تا دێت بەرز دەبێتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ئاگرەكە زیادی كردووە، هەروەها سەرەتایی بوونی پێداویستییەكانی ئاگر كوژێنەوە، هیمەتی پیاوانی ئاگركوژێنەوە هێشتا نەیتوانیوە ئەو ئاگرە كۆنتڕۆڵ بكات.
گەیارە یەكێك لە گەورەترین ناحیەكانی پارێزگای نەینەوا، پێش كۆنترۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیك بە 80 هەزار كەس بووە، زۆری ئەو نەوت و قیرەی لەم ناوچەیە هەیە وای لێكردووە ناوی لێ بنرێت قەیارە یان "گەیارە بە زاراوەی عێراقی"، لێرە سەرچاوەكانی نەوت و كانەكانی قیر و كبریت لە كەناری رووباری دیجلە هەتا بڵێی زۆرە، لێرە لەناو ماڵەكاندا نەوتی خاو دەبینرێت.
بەپێی رووپێوە جیۆلۆجییەكان مەزەندە دەكرێت لە گەیارە كە پتر لە 33 بیرە نەوتی هەیە زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ هەبێت، ئەوە سەرباری بوونی كانێكی زۆر لە كبریت و قیر.
بەپێی سەنتەرێكی توێژینەوەی عێراقی بیرە نەوتەكانی گەیارە رۆژانە دوو بۆ سێ ملیۆن دۆلار دەستكەوتی بۆ چەكدارانی داعش هەبووە، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە پەیمانگەی وزەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە کە داعش رۆژانە 700 هەزار دۆلاری وەكو بەرزترین ئاست لە نەوتی گەیارە دەست كەوتووە.
داعش پاش گرتنی گەیارە لە رووی ئابوورییەوە ئەم ناحیەی زۆر بە ستراتیجی بۆ خۆی هەژماركردبوو، چونكە یەكێك بوو لە گەورەترین سەرچاوەكانی نەوت و داهاتەكانیشی، ئێستا بە لەدەستدانی ئەو ناحیەیە كە هەفتەی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق كۆنترۆڵیان كردەوە ئیدی سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتی دەستی داعش لە كیس چوو.
ئێستا دانیشتوانی گەیارە پاش رزگاركردنی شارۆچكەكەیان لەدەستی داعش داواكاریی یەكەمیان كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیە كە بە قسەی خۆیان تەواو هەراسانی كردوون و دەترسن نەخۆشی زۆری لێ بكەوێتەوە.