Ata Ufuk Şeker, Yılmaz Öztürk
08 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2026
ناتۆ پێشبینیی کرد کە کۆی گشتیی خەرجی بەرگریی لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە ساڵی ٢٠٢٦، بۆ ١،٨٠٩ تریلیۆن دۆلار زیاد بکرێت کە ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ١١ لە سەد زیاد دەبێت.
بەپێی داتاکان کە لەلایەن ناتۆوە بڵاوکراونەتەوە، پێشبینیی کراوە لەمساڵدا، کۆی گشتی خەرجی بەرگریی لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، بگاتە ١،٨٠٩ تریلیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٥، گەیشتبووە ١،٦٣٠ تریلیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٤، ١،٤٨٢ تریلیۆن دۆلار بوو.
ھەروەھا بەپێی خەمڵاندنەکان، ئەمریکا لە ڕووی خەرجی بەرگرییەوە وەک گەورەترین وڵاتی ئەندام دەمێنێتەوە، چونکە بڕی ١،٠٣٣ تریلیۆن دۆلار بۆ خەرجی بەرگریی لە ناتۆ تەرخان کردووە کە ئەوەش دەگاتە ٥٧ لە سەدای کۆی خەرجییەکانی بەرگریی ناتۆ.
دوای ئەمریکا، ئەڵمانیا بە تەرخانکردنی ١٤٧ ملیار دۆلار بۆ خەرجی بەرگریی ناتۆ بە پلەی دووەم دێت، دوای ئەوانیش بەریتانیا بە تەرخانکردنی ١١٠ ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدایە، فەرەنسا بە تەرخانکردنی ٨٠ ملیار دۆلار لە پلەی چوارەمدایە، ئیتاڵیا بە تەرخانکردنی ٥٧ ملیار دۆلار لە پلەی پێنجەمدایە، پۆڵەندا بە تەرخانکردنی ٥٣ ملیار دۆلار لە پلەی شەشەمدایە، دواتر کەنەدا بە تەرخانکردنی ٥٢ ملیار دۆلار لە پلەی حەوتەمدایە، لە بەرامبەردا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ خەرجییەکانی تورکیا بۆ بەرگریی ناتۆ، بگاتە ٤٨ ملیار دۆلار.
لە سەر ئاستی ڕێژەی خەرجییەکانی بەرگرییەوە لە بەرھەمی ناوخۆیی گشتی، پێشبینی دەکرێت لیتوانیا بەڕێژەی ٥،٣٣ لە سەدا پێشەنگ بێت، لە دوای ئەویش ئیستۆنیا بەڕێژەی ٥٠،١٠ لە سەدا و لاتڤیا بەڕێژەی ٤،٢٩ لە سەدا و پۆڵەندا بەڕێژەی ٤،٦٨ لە سەدا و یۆنان بە ڕێژەی ٣،٥٦ لە سەدا و پێشبینی دەکرێت خەرجییەکانی تورکیا بۆ بەرگریی ناتۆ بگاتە ٢،٨٥ لە سەدای کۆی گشتی بەرھەمی ناوخۆیی.
ھەروەھا پێشبینی دەکرێت کە ١٧ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ لەمساڵدا، بەڕێژەی ١،٥ لە سەدای بەرھەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ وەبەرھێنانی بەرگریی و ئەمنی تەرخان بکەن.