ورمێ
دەریاچەی ورمێ كەبە گەورەترین دەریاچەی ئێران دادەنرێت رووبەڕووی مەترسی وشكبوون بۆتەوە. ئەو دەریاچەیە لە سەردەمێكدا خەڵكی ورمێ مەلەیان تێدا دەكرد لە ئێستادا بە رێژەی لە%٩٤ی وشك بووەتەوە، بەو پێیەی رێژەی ئاوەكە ٣٠ ملیار مەتر دووجا بوو، بەڵام ئێستا تەنیا دوو ملیاری لێ ماوەتەوە و دەریاچەكە بووە بە زەوییەكی پڕ لە خوێ.
خەڵكی ورمێ بۆ خۆشەویستی ئەو دەریاچەیە شێوەن دەكەن و دەڵێن: "وەرە بابچین بگرین و فرمێسك بڕێژین و دەریاچەی ورمێ پڕبكەینەوە".
دەریاچەی ورمێ دەكەوێتە شاری ورمێ لە باكوری رۆژئاوای ئێران، لەنێوان هەر دوو پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و رۆژھەڵات. لەئەگەری بە دەنگەوە نەھاتن لە وشكبوونی ئەو دەریاچەیە، جگە لە ئێران كاریگەری لەسەر وڵاتانی دیكەش دەبێ.
دەریاچەی ورمێ لە سنووری توركیاوە نزیكە و ١٤٧ كیلۆمەتر لە دەریاچەی وان دوورە، رووبەرەكەی ٥ ھەزارو ٢٠٠ كیلۆمەترە، قوڵایی دەریاچەكە ١٦ مەترە، لەساڵی ١٩٩٥ەوە ئەو دەریاچەیە ئاستی ئاوەكەی لەكەمكردندایە و لە ئێستادا بۆ %٦ دابەزیووە.
ھۆكاری بوون بە دەریاچەی خوێ
چوار ھۆكاری سەرەكی ھەیە لە وشكبوونی دەریاچەی ورمێ، كاریگەریان هەبووە، لەوانەش گۆڕانی كەش و ھەوا، وشكە ساڵی، كەمبوونەوەی باران و كەمبوونەوەی ئاوی تواوەی بەفر كە بووەتە ھۆی نزمبوونەوەی ئاو بۆ ھەر ساڵێك. ئەمە جگە لەوەی ٤٣ بەنداو لە سەر رێرەوی ھاتنی ئاو بۆ دەریاچەی ئورمیە دروستكراوە، بەھۆی كەمی ئاستی ئاوی بەنداوەكان نەتوانراوە ئاو بەربدرێتەوە بۆ دەریاچەكە.
لەلایەن حكومەتی تارانەوە، ریگای نێوان ورمێ و تەورێز بەناوەڕاستی دەریاچەكەدا دروست كردووە، دەریاچەكە كراوە بە دووبەشەوە، بۆ دروستكردنی ئەو رێگایەش شاخەكان بڕدراون و دەریاچەكە پڕكراوەتەوە، ئەو پڕۆژەیەش زیانێكی زۆری بە دەریاچەكە گەیاند.
بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە خەڵكی سنوورەكە بەردەوام خۆپیشاندان و چالاكی ساز دەكەن.
بەپێی زانیاریەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو كەلە خەڵكی سنوورەكەی وەریگرتووە، دەریاچەی ورمێ لە ئێستادا بووە بە یەكپارچە خوێ، ھەموو ساڵێك سپیە، ئەو كەشتیانەی لە ئورمیەوە گەشتیان بۆ تەبرێز دەكرد لە سەر ئاسنەكان لە دەریاچەی خوێ رزاون.
كارەسات بۆ سنورەكە دێنێ
ئەگەر بێتو رێوشوێنی پێویست نەگیرێتە بەر ئەوا مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ناوچەكە دروست دەبێ، كاریگەی راستەخۆی لەسەر ژیانی نزیكەی ١٥ ملیۆن كەس دەبێ. ئەمەش زۆر دور نابینرێ. بەھۆی ئەوەی خەڵكی ناوچەكە زۆرینەیان بە كاری كشتوكاڵی و ئاودێریەوە بژێوی ژیانیان دابین دەكەن، بە ناچاری بەرەو شوێنێكی دیكە كۆچ دەكەن.
سەرپەرشتیاری كافتریایەك لە ناوچەكە كەماوەی ١٨ ساڵە لەكەنار دەریاچەكە دووكانی ھەیە بەناوی محەمەد سەبازی گوتی: "بیری رۆژانی رابردوو دەكەین، پێشتر ئەم ناوچانە سەوز بوو، مرۆڤەكان لە دەریاچەكە مەلەیان دەكرد، بە دەیان دووكان لێرە ھەبوون، بازار زۆر خۆش بوو، بەڵام لە ئێستادا خەڵكی گوندەكانی نزیك دەریاچەكە كۆچیان كردووە، چونكە كار نییە، رەوشەكە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپی دەڕوا."
پڕۆژەی رزگار كردن
حكومەتی ئێران لە ئامادەكردنی پڕۆژەیەكدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ لە رێگەی كردنەوەی ھێلێك بەمەبەستی گەیاندنی ئاوی دەریا بۆ دەریاچەكە و بڕی تێچوونی پڕۆژەكەش ٩٠ ملیۆن دۆلارە ولە لایەن حكومەتە بڕیاری لەسەردراوە.
سەركۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن رووحانی دوای بوونی بە سەرۆكی ئێران بەڵێنی دابوو كەلە ماوە ١٠٠ رۆژدا چارەسەری كێشەی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ بكا، بەڵام لەگەڵ بەسەر چوونی ئەو وادەیە تائێستا ھیچ چارەسەریەك نەدۆزراوەتەوە.