Erbil Başay
02 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2018
بەرلین-AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکل و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و لەمیانیدا تاوتوێی رەوشی سووریایان کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستیڤان سەیبەرت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مێرکڵ و ترەمپ شەوی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا باسیان لە رەوشی سووریا کردووو و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستبەجێ جێبەجێ کردنی بڕیاری ٢٤٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشنیاری ئاگربەستی کردووە لە سووریا.
سەیبەرت ئاماژەی بەوەدا کە مێرکل و ترەمپ بانگهێشتی رووسیا دەکەن کە کۆتایی بێنێت بە بەشداری کردنی لە بۆردومانی غوتەی رۆژهەڵات و هاوکات داوایان کردووە رژێمی ئەسەدیش هێرشەکانی بۆسەر ناوچە مەدەنی نشینەکان رابگرێت.
سەیبەرت جەختی کردووەتەوە کە دەبێت رژێمی سووریا بە بەرپرسیار بزانرێت لەبەرامبەر دۆخی مرۆیی غوتەی رۆژهەڵات کە بەرەو خراپتر چووە.
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستیڤان سەیبەرت ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پلانی رووسیا دەربارەی چەکی ئەتۆمی تاوتوێ کراوە و نیگەرانی خۆیشیان دەربڕیوە بەرامبەر دوایین لێدوانەکانی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێری داماڵینی چەک.