Ahmet Dursun
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، موحسین رەزایی رایگەیاند کە تۆڵەی کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سلێمانی دەکەنەوە.
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، موحسین رەزایی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە "قاسم سلێمانی چووە ریزی برا شەھیدەکانی بەڵام تۆڵەیەکی توند لە ئەمریکا دەکەینەوە".
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند کە لە ھێرشێکی ئاسمانیدا لە فڕۆکەخانەی شاری بەغدای پایتەخت، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سلێمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبومەھدی موھەندیس کوژراوە.
لەلایەکی دیکەش، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی قاسم سلێمانی پشتڕاستکردبووەوە.
ھاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لەبارەی کوژرانی قاسم سلێمانی گوتی: "ئەمریکا بەرپرسیار دەبێت لە ئاکامی تەواوی کارە مەترسیدارە چەتەگەرییەکانی".