Biriz Özbakır
02 تشرینی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2026
جێگری سەرۆکی فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وەزارەتی ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا، مەهرالی ئەجەر باسی لەوە کرد لە COP31 کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت، تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا دراون و، چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکانی دابینکردنی دارایی بۆ کەشوهەوا کارنامەیەکی چڕ پێکبهێنن.
٣١هەمین کۆنفرانسی لایەنەکان لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) کە لەسەر ئاستی جیهان فراوانترین لووتکەی کەشوهەوایە لە ڕووی بەشدارییەوە، لە ڕۆژانی ٩-٢٠ی تشرینی دووەم بە میوانداری تورکیا لە ئەنتاڵیا ساز دەکرێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەجەر باسی لەوە کرد گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان کێشەیەکی هاوبەشە و، پێویستە وڵاتان بەیەکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی.
ئەجەر ئاماژەی بەوە کرد چاوەڕوانی بڕیاری گرنگ لە لووتکەکە دەکەن و، گوتی: "ئیدی لەو شوێنەین کە قسە کۆتایی هاتووە. واتە بەڵێن، ڕێککەوتن و بڕیارەکان وەرگیراون، بەڵام لە قۆناغی جێبەجێکردنداین. لەم چوارچێوەیەدا دیدگای COP31مان لەسەر بنەمای دیالۆگ، سازان و کردار داڕشتووە".
هەروەها ئەجەر باسی لەوە کرد لەم پرۆسەیەدا پێویستی بە دابینکردنی دارایی نێودەوڵەتیی هەیە و، تیشکی خستە سەر پرسی دانوستانەکان و، ڕایگەیاند: "خاڵی بنەڕەتی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا بەدیهێنانی گۆڕانی سەوز و کەمکردنەوەی دەردانی گازەکانە... وڵاتانێک هەن دارایی نێودەوڵەتیی دابین دەکەن و وڵاتانێکیش هەن دەیانەوێت سوود لەم داراییە وەربگرن. لەم بارەیەوە هەمیشە دانوستانی جددی و سەخت لە ئارادا بووە. ئێمەش بە ڕاشکاوی پێمان وایە لەم کۆنفرانسی لایەنەکاندا و بە سەرۆکایەتی COP31 سەرلەنوێ ئەم دانوستانانە کارنامەیەکی چڕ پێکدەهێنن".