Ramal Abdullah Mahmood
29 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە درووستکردنی ناوچە دوور لە پێکدادانەکان لە سووریا کارێکی سەخت بووە، بەڵام هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمار کرد.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێی ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانیشیان کردووە، هەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەیشان پێشتر لەمبارەیەوە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەنراوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دوای ئێوارەخوان و کۆبوونەوەی دووقۆڵی، لە کۆشکی کۆماری کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەیاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرهەمدار تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان کردووە.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە لە بارەی هەماهەنگییەکانیان بۆ هەنگاونان لە پێناو چارەسەرکردنی رەوشی سووریا دواون. ئاماژەی بەوەشدا کە لەسەر ئەنجامدانی کاری هاوبەش رێککەوتوون بۆ هێنانەدی مەرجەکانی دروستکردنی ناوچەکانی دوور لە پێکدادان کە لە کۆبوونەوەی ئاستانا لەسەری گەیشتبوونە رێککەوتن.
لەمبارەیەوە پوتین گوتیشی: "بڕیاری دروستکردنی ناوچەکانی دوور لە پێکدادان لە مانگی ئایاردا لە کاتێکدا لە سۆچی لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆبوومەوە خرایە بەرباس. بە راستی کارکردن لەسەر ئەو بابەتە زۆر سەخت بوو. چ لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووری، چ لە لایەن وڵاتانی دڵنیاییدەری کۆبوونەوەکانی ئاستانا رووسیا، تورکیا و ئێران. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو سەختیانەش سەرکەوتنێکی گرنگمان تۆمار کرد. هۆکاری ئەم سەرکەوتنەش بە تایبەت بۆ هەوڵ و دەستپێشخەری بەڕێز ئەردۆغان-ی دۆستم دەگەڕێتەوە".
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە هەلومەرجی کۆتایی هاتن بە شەڕی سووریا و گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان هاتۆتە پێش، گوتیشی: "هاوکات (لەگەڵ دروستکردنی ناوچەکانی دوور لە پێکدادان) پرۆسەی چارەسەری سیاسیی لە جنێڤ بەرەوپێشچوونی گرنگی بەخۆوە بینیووە".
ڤلادیمیر پوتین ئاماژەوەی بەوەشدا کە تاوتویی ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانیشیان کردووە، هەڵوێستی فەرمی وڵاتەکەیشان پێشتر لەمبارەیەوە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیەنراوە.