Abdullah Shukur
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە بڕیاری لەکارلابردنی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، رێکس تیلەرسنی داوە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆچوونیان لەگەڵ تیلەرسن جیاواز بووە لەبارەی پرۆگرامی ناوەکی ئێران.
ترەمپ لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی تیلەرسن لە پۆستی وەزیری دەرەوە و دانانی مایک پۆمپیۆ لە شوێنی ئەو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی دایەوە.
ترەمپ گوتی: "زۆر سوپاسی (تیلەرسن) دەکەم بەھۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کردووە. من و رێکس لە راستیدا زۆر دەگونجاین بەڵام خاوەنی بۆچوونی جیاواز بووین لەسەر ھەندێک بابەت. لەبارەی ناکۆکییەکانمان لەسەر پرۆگرامی ناوەکی ئێران، ئەو ھیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام من دەمویست شتێک بکەم، ئەو بۆچوونێکی دیکەی ھەبوو".
ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو بڕیاری دوورخستنەوەی تیلەرسنی داوە و گوتیشی: "ئەوەی راستی بێت، ئەم بابەتەم زۆر لەگەڵ تیلەرسن باس نەکردووە. بڕیارەکە خۆم داومە".
ترەمپ گوتیشی: "من و پۆمپیۆ خاوەنی ھەمان بۆچوونین. وزەیەکی لە رادەبەر و زانیاری زۆری ھەیە. پەیوەندییەکی باشمان ھەیە و بەم ھۆیەشەوە پۆستی وەزیری دەرەوەم پێ داوە".
ترەمپ رایگەیاندبوو کە وەزیری دەرەوە، رێکس تیلەرسن لەکارەکەی دوور دەخاتەوە و بەڕێوەبەری دهزگای ههواڵگری ناوهندی ئهمریكا (سی ئای ئهی)، مایك پۆمپیۆ دەھێنێتە جێی.
سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سوپاسی تیلەرسنی کرد و رایگەیاند کە بەڕێوەبەری دهزگای ههواڵگری ناوهندی ئهمریكا (سی ئای ئهی)، مایك پۆمپیۆ ھێناوەتە جێگای ئەو.