Ayşe Doğru,Ramal Abdullah Mahmood
29 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2018
ئه‌نقه‌ره/سیئۆل - AA
كۆریای باشوور رایگه‌یاند، كۆریای باكوور رەزامەندی نیشانداوە به داخستنی گۆڕه‌پانی تاقیكردنه‌وه‌كانی له مانگی ئایاردا.
گوته‌بێژی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكایه‌تی كۆریای باكوور، یوون یۆنگ-چان رایگه‌یاند له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی كۆریای باشوور، موون جای-ئین و سه‌رۆكی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ-ئون له ٢٧ی نیساندا، هەردوو سەرکردە رێككه‌وتوون له‌سه‌ر داخستنی دامه‌زراوه‌ی چه‌كی ناوه‌كی پونگگهیه-ری كۆریای باكوور له مانگی ئایاردا.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی پیۆنگیانگ بەڵێنیداوه له میانی داخستنی دامه‌زراوه ناوهكییهكهدا بانگهێشتی شاره‌زایان و رۆژنامه‌وانان بكات.
كیم له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گوتوویه‌تی: "كه‌سانێك ده‌ڵێن ئه‌و دامه‌زراوانه دهداخات كه كار ناكه‌ن، به‌ڵام ده‌بینن به پێچه‌وانه‌وه دوو تونێلی گه‌وره‌ی تاقیكردنه‌وه‌مان هه‌ن و زۆر باشیش كارده‌كه‌ن". هه‌روه‌ها گوتوشیەتی: "وێڕای نیشاندانی به‌رگریمان له دژی ئه‌مریكا، به‌ڵام خه‌ڵك بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌سێك نیم له كۆریای باكووره‌وه مووشه‌كی ناوه‌كی ئاراسته‌ی زه‌ریای هێمن یان ئه‌مریكا بكه‌م. ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی متمانه به چڕی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كۆببینه‌وه و په‌یمان بدات جه‌نگ له به‌رامبه‌رمان كۆتایی پێبهێنێت و وڵاته‌كه‌مان داگیر نه‌كات بۆچی به‌رده‌وام بین له چه‌كی ناوه‌كی و له سه‌ختیدا بژین".
كیم به پێویستی زانیووه كه ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی جه‌نگی كۆریای دووباره نه‌بنه‌وه و بۆ رێگه‌گرتن له‌مه‌ش هه‌نگاوی كرده‌یی بنێن.
هه‌ردوو كۆریاش رازیبوون به‌وه‌ی كاتژمێره‌كانیان یه‌ك بخه‌ن.
كاتژمێری پیۆنگیانگ ٣٠ خولهك له دوای كاتژمێری سیئۆله.