Abdullah Shukur
21 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2016
بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش، فرۆشتنی خواردنە کحولییەکان بە ھاندەرانی یاری کۆتای جامی خولی فەرەنسا کە بڕیارە لە رۆژی شەممەی داھاتوولە یاریگای "ستاد دی فرانس" ئەنجام بدرێت قەدەغە کرا.
ئەم بڕیارە لە لایەن ئەنجوومەنی شارەوانی خۆجێی ساینت دەنیس بۆ یاری کۆتای نێوان ھەردوو یانەی پاریس ساینت گیرمان و لیلە دەرکراوە.
راشگەیەنرا کە ئەم بڕیارە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دراوە.
لە لایەکی دیکەش دەستەی خولی تۆپی پێی پیشەیی فەڕەنسا تانەی لە بڕیارە گرت و داوای کرد کە بەلانی کەم رێگە بە فرۆشتنی بیرە بدرێت. بەڵام ئەنجوومەنی شارەوانی ناوچەکە ئەو داوایەشی رەتکردەوە.
لە بەرواری ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە شەش خاڵی جیاوازی شاری پاریس ھێرشی تیرۆریستی ئەنجامدرا و تیایدا ١٣٠ کەس کوژران.
لەکاتی یاری نێوان ھەردوو ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا یەکێک لە خۆکوژەکان ھەوڵێدابوو بچێتە نێو یاریگای ستاد دی فرانس کە سەرکۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلەندیشی تێدا ئامادەبوو. بەڵام لە دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو، خۆی لە دەرەوەی یاریگاکە تەقاندەوە.