Mustafa Melih Ahıshalı
27 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2026
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی ئاماژهی بهوه كرد لەو دانوستاندنانهی دوای جەنگی ٤٠ ڕۆژە کە بە هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئامانجیان دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە.
دوای دیدار و كۆبوونەوهکانی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، عێراقچی لە چوارچێوەی دیدارە فەڕمییەکانیدا لە ڕووسیا، سهردانی شاری سانت پیتەرزبێرگی كرد.
لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەڕمی وڵاتەکەی، وهزیری دهرهوهی ئێران عێراقچی هەڵسەنگاندنی بۆ دیدار و كۆبوونهوهكانی لە عومان و پاکستان کرد.
عێراقچی سەرەتا ئاماژەی بەو كۆبوونهوهی فەڕمیانە کرد کە لە ڕووسیا ئەنجامیان دەدات، كه بەمەبەستی بەردەوامیدان بە ڕاوێژە نزیکەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ دەربارەی پرسە ههرێمیی و نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا سهردانی ئەم وڵاتەی كردووه.
وەزیری دەرەوەی ئێران عێراقچی، جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ دەرفەتێکی باشن بۆ تاوتوێ کردنی پێشهاتهكانی پەیوەست بە جەنگ و هەڵسەنگاندنی دوایین دۆخ لەم بارەیەوە، لەم چوارچێوەیەشدا ڕاوێژ و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد مەرجەکانی ئێران لە گفتوگۆکاندا گرنگییەکی زۆریان هەیە و، ڕایگهیاند: "دوای ٤٠ ڕۆژ لە بەرگریی، دەبێت بە دڵنیاییەوە مافەکانی گەلی ئێران بەدەست بهێنین و لە (دانوستاندنهكاندا) بەرژەوەندییەکانی وڵات دەستەبەر بکەین".
پاشان وهزیری دهرهوهی ئێران عێراقچی، باسی له سەردانەکەی بۆ عومان كرد و، و ڕایگەیاند: "ئێران و عومان دوو وڵاتن کەناراوەکانیان لەسەر گەرووی هورمزە، پێویستە لەگەڵ یەکتردا لە ڕاوێژدا بن بەتایبەتی كه تێپەڕبوونی ئارام لەم گەرووەوە لەسەر ئاستی جیهان بووەتە بابەتێکی گرنگ".