عێراق ھەڵوەشاندنەوەی کەمپی ھۆلی لە سووریا ڕاگەیاند
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕاگەیاند کە دوای گواستنەوەی پێنج ھەزار و ٦٠٠ خێزانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا بۆ عێراق، کەمپەکە بە تەواوی ھەڵوەشێندراوەتەوە.
Iraq
عێراق ــ AA
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ھەڵوەشاندنەوەی کەمپی ھۆل لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریای ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی پێنج ھەزار و ٦٠٠ خێزانی نیشتەجێی کەمپەکە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
ڕاوێژکاری کاروباری ستراتیژیی سەربە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، سەعید جیاشی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق "INA"ی ئاماژەی بەوەداوە، پێنج ھەزار و ٦٠٠ خێزانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کە ژمارەیان ٢٢ ھەزار کەسن لە چوارچێوەی ڕێکارە ئەمنی، یاسایی و مرۆییەکاندا کە بەسەر پەرشتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەکات، گواستراونەتەوە بۆ عێراق".
ڕاشیگەیاندووە: "بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کەمپی ھۆل کراوە و لەئێستادا کەمپەکە ھەڵوەشێنراوەتەوە، عێراق لەم کارەدا سەرکەوتوو بووە و تەنھا یەک کاروان لە خێزانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل ماوەن کە بگوازرێنەوە بۆ عێراق کە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو کارەش ئەنجام دەدرێت".
باسی لەوەش کردووە کە چوار گرووپی تەکنیکی لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتی و ناوخۆی عێراق، چاودێری ئەو خێزانانە دەکەن کە لە کەمپی ھۆلەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
