ئەنقەرە
سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی عێراقی سەر بە وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە نیھاد موسا لهبارهی ههناردهی نهوت بۆ دهرهوهی وڵات گوتی: "ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە یا دابەزێ ئەوا عێراق بە ھیچ شێوەیەک ھەناردەکردنی نەوت راناگرێ، بەڵکو ھەوڵ بۆ زیاتر وەبەرھێنانی نەوت دەدات".
موسا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عێراق بە ھیچ شێوەیەک لە بەرنامەیدا نییە وەبەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت کەم بکاتەوە، نرخی نەوت دابەزێ یا بەرز ببێتەوە ئەوا عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر کاری خۆی و بەرھەم ھێنان و ھەناردە کردنی نەوت راناگرێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێ زیاتری بکات چونکە چەندین پەیمانمان لەگەڵ گەورە کۆمپانیا نەوتییەکانی جیھاندا ھەن کە بۆ چوارساڵ لەمەو بەر دەگەڕێنەوە".
موسا له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "سەدا ٩٠ی ئابوری عێراق لەسەر نەوتە، بەڵام دابەزینی سەدا ٣٠ی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا کاریگەری خراپی لەسەر ئابوری عێراق کردووە. بڕیارە رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت ( ئۆپێک) سبەینێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نرخی نەوت کۆ ببێتەوە چونکە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکیش بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە تووشی قەیران بوونە. ئۆپێک ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ستراتیژیەتێک دابنێ تا بەبێ کەمکردنەوەی رێژەی وەبەرھێنان نرخی نەوت بەرز بکاتەوە".
سهرۆكی كۆمپانیا نهوتی عێراق ههروهها گوتی: "ئارمانجی حکومەتی بەغدا ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت رێک بکەوێت چونکە ئەو ناکۆکییانە کاریگەرییان لەسەر ھەمووی عێراق دەبێت. یەکەمین رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا حەفتەی رابردوو ئیمزاکرا و ئەولەویەتی حکومەتی بەغدا رێککەوتنێکە کە سوودی بۆ ھەردوولا ھەبێت".
موسا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە ھەناردە کردنی غازیش دەکات، بەڵام ئەولەویەت و بەرنامەی سەرەکی حکومەتی عێراق دابینکردنی پەیداویستی ناوخۆی عێراقە. چونکە عێراق بۆ دروستکردنی کارەبا پێویستی بە غاز ھەیە و حاڵی حازر ھەوڵەکان بۆ گەڕان و دۆزینەوەی کێڵگەی غازی سروشتی بەردەوامن.
بە پێی ئامارەکانی ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمریکا، عێراق خاوەن ٣.٢ ترلیۆن مەتر سێجا غازی سرووشتییە و بەمهش عێراق لە جیھاندا ١٢همین وڵاتی خاوەن غازی سروشتییە.