ھەولێر
رۆژی چوار شەممە ٩ی تشرینی یەكەم لە شاری ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ شاجوانی ئینتەرنێت و ئاشتی و شاجوانی کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیای ھونەری بابیلۆن و دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بەڕێوەچوو.
پاش کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە ھەر سێ شاجوانەکە لەگەڵ (AA)ی وتوێژیان کرد.
شاجوانی کوردستان فێنک محەمەد عەبدولکەریم لە دایکبووی ١٩٨٨ی شاری سلێمانی و دانیشتووی سویسرا دەڵێ "پێشتر لە سویسرا کاری مرۆڤایەتیم زۆر کردووە، لەگەڵ چەند رێکخراوێکی بیانی ھەروەھا لەگەڵ رێکخراوی چاک-یش کارمکردوە، بەتایبەتی کارم لەسەر ناساندنی پرسی ھەڵەبجە و کیمیاران و جینۆساید".
فێنک گوتی "ئێستاش لە کوردستان وەک شاجوانی کوردستان، پێمخۆشە کاری زیاتر لەبوارەکەی خۆمدا بکەم لە داھاتوودا، کاتێ بەرچاومان رۆشن بوو کارەکانمان دەست پێدەکەین".
دالیا رێبوار لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ لە مۆسکۆی پایتەختی روسیاو لەئێستادا لە وڵاتی سوید دادەنیشێت وەک شاجوانی ئینتەرنێت، وەھا پێناسەی شاجوانی خۆی دەکات و دەڵێ "بۆ ئێمەی کورد شاجوانی ئینتەرنێت، شتێکی نوێیە بەڵام لە وڵاتانی تر شاجوانی ئینتەرنێت ناسراوە".
شاجوانی ئینتەرنێت لەبارەی کارەکانی خۆیەوە گوتی "دەمەوێ کارەکانم لە چوارچێوەی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیادا بێ. کوردستانیش لەڕێی ئینتەرنێتەوە، بەدونیا بناسێنم بەتایبەتی لەڕووی گەشتوگوزارییەوە".
دالیا شاجوانی ئینتەرنێت، کەمتر زمانی کوردی دەزانێت، ئەوەشی گوت "کارەکانی تریشم پاڵپشتی کردنە لە پرۆژەکانی شاجوانی کوردستان، گرنگترین پرۆژەش کە ھەمانە بەنیازین کار لەبوای نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکدا بکەین".
ژین سەباح خەڵکی شاری دھۆکە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دادەنیشێت. ئێستا وەک شاجوانی ئاشتی ھەڵبژێردراوە، سەرەتا باسی لەوە دەکرد تاجی شاجوانی ھیچ شتێکی لەژیانی نەگۆڕیوە.
پاشان دەڵێ "ئەرکی من ناساندنی کوردستانە بە وڵاتانی دونیا، کە لێرە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاشتی ئاینی زۆر زۆر باش و تەندروستە، ھەروەھا ئاشتیی وڵاتانی تریش بە ئێرە دەناسێنم".
ھەموو شاجوانەکان دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپان، تائێستاش لە کوردستان ئۆفیسێکی تایبەت بە شاجوانەکان نەکراوەتەوە، بەرپرسانی گەشتوگوزار و کۆمپانیای بابیلۆنیش جەختیان لەوە کردەوە، ھەوڵدەدەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئۆفیسێکی تایبەت بە کاروباری شاجوان لە شاری ھەولێر ھەبێ.
لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣ سەرەتا زیاتر لە ٥٥ کچ بەشدارییان کرد، پاش ھەڵسەنگاندن ١٢یان لەسەر نازناوەکە کێبڕکێیان بوو. شەوی ھەینی (٢٧ی ئەیلول) لەشاری ھەولێر پێشبڕکێکە بەڕێوە چوو و پێنج شاجوان ھەڵبژێردران.
١- شاجوانی ئینتەرنێت: دانیا رێبوار
٢- شاجوانی ئاشتی: ژین سەباح
٣- شاجوانی جلوبەرگ: شاکار
٤- شاجوانی گەشتوگوزار: نادی رەشید
٥- شاجوانی کوردستان: فێنک محەمەد عەبدولکەریم
ئەوە دووەم ساڵە ئەو پێشبڕکێیە لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێ.