Heman Hussein Yaseen
17 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2026
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی سوید کە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو بوو، تێیدا ئۆپۆزسیۆنی چەپ بە جیاوازییەکی کەم، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستھێنا و سەرۆکوەزیرانی ئێستای سوید ئولف کریستەرشۆن دەستی لەکارکێشایەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژارن لە سوید، چوار حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە کۆی ٣٤٩ کورسیی پەرلەماندا، ١٧٦ کورسییان بەدەستھێناوە، لە بەرامبەردا چوار حزبی ھاوپەیمانی ڕاستڕەوەکان ١٧٣ کورسیان بەدەستھێناوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید و سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات،ماگدالینا ئەندەرشۆن، وەک گەورەترین حزب دەرکەوت و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھیوای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ ئەندەرشۆن زیادکردووە.
سەرۆکوەزیرانی ئێستای سوید و سەرۆکی حیزبی مۆدێریت، ئولف کریستەرشۆن، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە سەرکردایەتی حکوومەتێکی ھاوپەیمانیی سێ حزبی ڕاستڕەوی کردووە. ئەم حکوومەتە لە پەرلەماندا پشتی بە پشتیوانیی حزبە دیموکراتەکانی سوید دەبەست کە حیزبێکی دژ بە کۆچکردنە و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی حکوومەتەکەی کریستەرشۆن ھەبووە.
دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ئولف کریستەرشۆن دەستی لەکارکێشایەوە و بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ئەو گۆڕانکارییەی لە پێکھاتەی پەرلەماندا ڕوویداوە، گۆڕانکاریی لە پێکھاتەی حکوومەتی نوێ دەکات بەڵام ھێشتا پێکھێنانی حکوومەتی نوێ پەیوەندی بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی حیزبەکانەوە ھەیە. سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید و سەرۆکی حیزبی سۆسیال دیموکرات،ماگدالینا ئەندەرشۆن، ئێستا لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە ھەوڵدەدات ھاوپەیمانییەکی پەرلەمانی دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانێت حکوومەتێکی نوێ لە سوید پێکبھێنێت.
جێی ئاماژەیە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە ھەشت ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو. بەپێی داتا و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە سەدا ٨٤.٣ و نزیکەی شەش ملیۆن و ٨٠٠ کەس دەنگی دا.
پەرلەمانی سوید، کە بە ڕیکسداگ ناسراوە، ٣٤٩ کورسی ھەیە و بۆ بەدەستھێنانی زۆرینەی ڕەھا، حیزب یان ھاوپەیمانییەک پێویستی بە ١٧٥ کورسی ھەیە. لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا، چوار حیزبی ئۆپۆزسیۆنی چەپ ١٧٦ کورسییان بەدەستھێنا، لە بەرامبەر ھاوپەیمانییەتی چوار حیزبی ڕاستڕەو ١٧٣ کورسیان بەدەستھێنا.
چوار حیزبی ئۆپۆزسیۆن، کە سۆسیالدیموکراتەکان بە سەرکردایەتی ماگدالینا ئەندەرشۆن، حیزبی چەپ، حزبی ناوەند و حزبی سەوز لەخۆدەگرن، ١٧٦ کورسییان لە کۆی ٣٤٩ کورسییی پەرلەمانیی سوید بەدەستھێناوە
لە ھەمان کاتدا، حزبی سۆسیالدیموکرات بە سەرکردایەتی ماگدالینا ئەندەرشۆن بوو بە گەورەترین حزبی تاک لە پەرلەمانی سوید کە لە کۆی ١٧٦ کورسییە بەدەستھاتووەکە ٩٩ کورسیی بەدەستھێناوە، بەڵام پێکھێنانی حکوومەتی نوێ پەیوەندی بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی حیزبەکانەوە ھەیە.