Fatma Esma Arslan
02 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
داکار- AA
دوای ئەوەی لە گینیا بیساو هەوڵی کودەتا درا، سەرکۆماری ئەو وڵاتە، عومەر سیسۆکۆ ئێمبالو ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەلامەتە و پایتەختیش لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدایە.
عومەر سیسۆکۆ ئێمبالو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە دەستگیر کراوە.
ئێمبالو نوسیویەتی: "سوپاس بۆ خوا من باشم. رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدایە. سوپاسی گەلی گینیا بیساو و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە دەرەوەی وڵات نیگەرانی رەوشی من و حکوومەت بوون. بژی کۆمارەکەمان، خوا گینیا بیساو بپارێزێت".
لە لایەکی دیکەشەوە گۆڤاری "جون ئەفریک"ی فەڕەنسی، بە پشت بەست بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئێمبالو، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردوەتەوە کە لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا "ژمارەیەکی زۆر کوژراو" هەبوون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە بیساوی پایتەختی گینیا بیساو، لە کاتی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار، عومەر سیسۆکۆ ئێمبالو، لە نزیک کۆشکی کۆماری دەنگی تەقە بیسترا.
دواتر کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ECOWAS)، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئەمە هەوڵێکی کودەتا بووە و داوایان لە سەربازەکان کرد بگەڕێنەوە سەربازگەکانیان.