Muhammet Ali Kemal
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئەدمیراڵ عەلی فەدەوی رایگەیاند "سیستمی دەریاوانی ئەو دوو بەلەمەی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا بەهۆی هەڵەی تەكنیكییەوە كاریان نەكردووە و بەوهۆیەشەوە هاتوونەتە نێو ئاوەكانی ئێرانەوە و دوای ماوەیەكی كورت ئازاد دەكرێن و دەتوانن بگەڕێنەوە".
فەدەوی لە گوتەیەكدا بۆ تەلەڤزیۆنی حكوومەتی ئێران، رایگەیاند: ''لێكۆڵینەوەكان ئەوە نیشان دەدەن كە سیستمی دەریاوانی ئەو دوو بەلەمەی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا بەهۆی هەڵەی تەكنیكییەوە كاریان نەكردووە و بەوهۆیەشەوە هاتوونەتە نێو ئاوەكانی ئێرانەوە. كێشەكە خەریكە چارەسەر دەكرێت''.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران باسی لەوە كرد كە دوای ماوەیەكی كورت سەربازەكان ئازاد دەكرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف داوای ئەوەی كرد كە هاوتا ئەمریكییەكەی داوای لێبووردن بكات.
فەدەوی باسی لەوە كرد كە هەر دەستبەجێ دوای رووداوەكە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف و هاوتا ئەمریكییەكەی، جۆن كیری سەبارەت بە بابەتەكە قسەیان كردووە و رایگەیاند: ''داوای ئازادكردنی سەربازەكانیان كرد، بەڵام جەواد زەریف پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە دەریاوانانی ئەمریكا سنووری دەریایی ئێرانیان بەزاندووە و پێویستە لەوبارەیەوە ئەمریكا داوای لێبووردن بكات''.
ئەو فەرماندەیە بانگەشەی ئەوەی كرد كە دوای ئەوەی دەستبەسەر بەلەمەكانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكادا بەهۆی بەزاندنی سنوورەكانی دەریایی ئێرانەوە گیراوە، كەشتی جەنگی فڕۆكە هەڵگری (USS Harry S. Truman)ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكا بۆ ماوەی ٤٠ خولەك لە كەنداوی بەسڕە ''چالاكی سووكایەتی ئامێز و دژی پرۆفیشناڵ بوونی'' ئەنجام داوە.