مەقادیشۆ
لەچوارچێوەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی سۆماڵ بەھۆی کاولکاریی شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٩١، بۆ یەکەمجار سیستمی ترافیک لایت لەشەقامێکی پایتەختی ئەو وڵاتە دانرا.
عەلی حارس بەڕی، کاربەدەستێکی پۆلیسی ھاتوچۆی مەقادیشۆیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی :"بەھۆی دانانی سیستمی ترافیک لایت لە شارەکەدا، ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل ڕێکدەخەین. بە دانانی ترافیک لایت ڕووداوەکانی ھاتوچۆ زۆر کەم دەبنەوە."
بەڕی ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا بەھۆی ئەوەی ھێشتا شۆفێران تائێستا رانەھاتوون بە سیستمی ترافیک لایت، پۆلیسی ھاتوچۆ چاودێری وردی پیادەو شۆفێران دەکەن و بەپارە غەرامەی سەرپێچیکاران دەکرێ.
ساڵی ١٩٩١ و لە دوای رووخاندنی دەسەڵاتی محەمەد سیاد بەڕی وڵاتی سۆماڵ کەوتە ناو گێژاوی شەڕی ناوخۆو ساڵانێکی زۆری خایاند، لەئاکامی ئەو شەڕەدا بەشی ھەرە زۆری سۆماڵ وێرانکراو سیمای ئاوەدانی لێ سەنرایەوە.
ئێستا وردە وردە ئاوەدان دەکرێتەوە.