Ramal Mahmood
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
جنێڤ - AA
رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رایگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە سەرتاسەری جیهان حەوت هەزار و ٤٩٥ پەنابەر گیانیان لەدەست داوە.
گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ جۆیڵ میلمان لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا. رایگەیاند کە ساڵی ٢٠١٦ کوشندەترین ساڵ بووە بۆ ئەو کۆچبەرانەی ویستوویانە لەرێگەی دەریای ناوەڕاستەوە رووبکەنە ئەورووپا، پێنج هەزار و ٧٩ پەنابەر لەو رێگایە گیانیان لەدەست داوە.
میلمان ئاماژەی بەوە دا کە ساڵی رابردوو لە سەرانسەری جیهاندا حەوت هەزار و ٤٩٥ پەنابەر گیانیان لەدەست داوە، جگە لەو پەنابەرانەی لە دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجە گیانیان لەدەست داوە، هەزار و ١٢٤ پەنابەر لە باکووری ئەفریقا، ١٥٣ پەنابەر لە باشووری ئاسیا و ٤٢٣ پەنابەریش لە سنووری ئەمریکا-مەکسیک گیانیان لەدەست داوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ویلیام لاسی سوینگ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ١٨ هەزار و ٥٠١ پەنابەر گیانیان لە دەست داوە، گوتی: "ئەمەش تا دوا رادە راچڵەکێنەرە. لەماوەی پێنج ساڵدا بە تێکڕایی رۆژانە ٢٠ کەس مردوون. دەبێت بکەوینە خۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە".
بەپێی زانیارییەکانی ئەم رێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەرانسەری جیهان پێنج هەزار و ٢٦٧ پەنابەر، ساڵی ٢٠١٥ش پێنج هەزار و ٧٤٠ پەنابەر گیانیان لەدەست داوە.