Kasım İleri,Ramal Abdullah Mahmood
06 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن – AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کینیز ماکنزی رایگەیاند، بەهۆی هاوکارییەکانی سوپای ئەمریکا دوای ئەو زریانەی دوورگەی پۆترۆ ریکۆی گرتەوە، رەوانەکردنی هێز بۆ دەرەوەی وڵات بە تایبەت ئەفغانستان دوا دەکەوێت.
ماکنزی لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، دانا وایت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.
ماکنزی ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی ١١ هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستانن و وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێزی دیکە.
ماکنزی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا بە هۆی زریانی ماریاوە کە زیانی زۆری بە دوورگەی پۆترۆ ریکۆ گەیاند، رەوانەکردنی هێزی نوێ بۆ ئەفغانستان دواکەوتووە، گوتی: "ناچمە ناو وردەکارییەکانی ئەم دواکەوتنە. رەوانەکردنی هێزی سەربازی بەردەوام دەبێت بەڵام دوا دەکەوێت. کۆکردنەوەی هێز لە ئەفغانستان کەمێک کاتی دەوێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە فەرماندەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەمریکا ژمارەیەکی دیاریکراو فڕۆکەی گواستنەوەی هەیە کە زۆربەیان بەشدارییان کردووە لە فریاکەوتنی خەڵکی دوورگەی پۆترۆ ریکۆ. جەختی لەوەش کردەوە کە رەوانەکردنی هێزی سەربازی لە رەوشێکی بەمجۆرەدا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەری نەرێنی لێدەکەوێتەوە.