Ramal Mahmood
22 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
رێوڕەسمی ماڵئاوایی و رێزگرتن لە گیانی باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە، ئاندرێی کارلۆڤ کە لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری لە ئەنقەرە گیانی لەدەست دا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بەڕێوەچوو.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکوەزیران، دمیتری مێدڤێدێڤ و سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا، ڤالێنتینا ماتڤیەنکۆ و وەزیری دەرەوە، سێرگی لاڤرۆڤ و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوە و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و خێزان و کەسوکاری کارلۆڤ بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
پوتین دوای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر تەرمی کارلۆڤ، پرسە و سەرەخۆیشی خۆی ئاراستەی خێزانی ناوبراو کرد.
لاڤرۆڤ-یش لەو رێوڕەسمەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە نازناوی "قارەمان"یان بە کارلۆڤ بەخشیووە و، راشیگەیاند کە پەیکەرێکی بۆ دروست دەکەن.
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە تەرمی ئەندرێی کارلۆڤ بەمەبەستی رێوڕەسمی ئایینی دەبرێتە کاتدرائییەی عیسای رزگارکەر.