Mehmet Çalık
16 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
ئوشاک - AA
دۆڵی ئوڵوبەی کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئوشاک، دووەم درێژترین دۆڵی جیهانە و درێژییەکەی ٧٧ کیلۆمەتر دەبێت، لەئێستادا بەڕووی گەشتیاراندا کراوەیە.

ئەم دۆڵە لە هەندێک شوێندا، ١٤٠ مەتر و لە هەندێک شوێنیش، ١٧٠ مەتر قوڵە و دووجۆگە ئاوی پیادا تێپەڕدەبێت.
لە دۆڵەکەدا چەندین شوێنەواری مێژوویی چاخە دێرینەکان و سەردەمی سەلجوقی و عوسمانی هەن.

پارێزگای ئوشاک و قایمقامییەتی قەزای ئوڵوبەی لە ساڵی ٢٠١٥دا، هەیوانێکی شووشەییان بۆ دۆڵەکە دروست کرد کە بەرزییەکەی ١٥٠ مەترە و رووبەرەکەی ١٣٥ مەترە، ساڵانە هەزاران گەشتیار دێنە ئەم ناوچەیە و لەو هەیوانەوە سەیری دیمەنی دڵرفێنی دۆڵەکە دەکەن.

قایمقامی قەزای ئوڵوبەی، ئۆنور ئۆزئایدن لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی دۆڵەکە کرد و رایگەیاند "لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا نزیکەی ٦٠٠ هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و جیهانی سەردانی ئەم دۆڵەیان کردوو و لە قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) دۆڵەکە بەڕووی گەشتیاراندا داخرابوو، بەڵام لەئێستادا بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان، دووبارە بەڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە و وا پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا، بگاتە ٣٠-٤٠ هەزار گەشتیار".