واشینتۆن
ئاژانسی AP لە سەر زاری بەرپرسێکی ئەمریکایی کە ناوی ئاشکرا نەکردووە بڵاوی کردەوە کە داعش بۆ ئازادکردنی رۆژنامەوانی ئەمریکی جەیمیز فۆلی کە چەند رۆژ پێش ئێستا لە لایەن داعشەوە سەر بڕابوو داوای ١٣٢.٥ملیۆن دۆلار پارەی کردووە.
لهم بارهوه فیلیپ بالبۆنی بەرپرسی تۆڕی میدیایی گلۆبال پۆست کە فۆلی تێیدا کاری دەکرد ئاشکرا كرد كە بۆ یەکەم جار داعش کۆتایی ساڵی رابردوو داوای پارەیان کرد.
کاربەدەستانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای سەربڕینی فۆلی لە لایەن چەكداراننی داعشەوە، ھێشتا ئەمریکا سورە لە سەر سیاسەتی پارەنەدان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەدیلگیراوەکان.
ھەر لەو بارەوە گۆتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماریا ھارف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک سازش لەگەڵ تیرۆریستاندا ناکەین و پارەیشیان پێ نادەین."
ھارف ئاماژەی بەوە کرد کە یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دارایی داعش ئەو پارانەن کە لە لایەن کەسان و وڵاتانی دیکەوە وەکو بەدیلێک بۆ ئازادکردنی بەدیلگیراوەکان رادەستی داعش دەکرێ و تەنیا ساڵی ٢٠١٤ داعش توانیویەتی لەو رێگایەوە بە ملیۆنهھا دۆلار بەدەستهوه بهێنێت، بۆیە ئەمریکا بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نییە پارە بدات، چونکە دانی پارە دەبێتە رێگە خۆشکەر بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتر ھاووڵاتی ئەمریکایی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەمریکا بڕفێنرێن.
وەزارەتی دارایی ئەمریکاش لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت "سوورە لە سەر سیاسەتی سازشنەکردن لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکاندا و دانی پارە تەنیا دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتر ھاووڵاتی ئەمریکایی بڕفێنرێن."
رۆژنامەوانی ئەمریکی جەیمیز فۆلی کە ماوەی دوو ساڵ بوو لە سوریا بێ سەروشوێن کرابوو، دیمەنەکانی سەربڕینی لە لایەن چهكدارانی داعشەوە بڵاو کرانەوە، حکومەتی ئەمریکاش دوێنێ ئاماژەی بەوە کردبوو کە سەرەتای ھاوینی ئەمساڵ بۆ رزگارکردنی ھاووڵاتییە بەدیلگیراوەکانی دەستی داعش لە سوریا، ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو نەبووە.