Yakoota Al Ahmad
20 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2026
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە خەلیل حەیە بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان ھەڵبژێردراوە.
بزووتنەوەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، خەلیل حەیە لە شوێنی یەحیا سینوار بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوە.
یەحیا سینوار لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کە سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس بوو لە کەرتی غەززە لە ئاکامی ھێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژرا.
دوای ئەوەی لە زنجیرەیەک ھێرشی ئیسرائیلدا کە ژمارەیەک سەرکردە باڵای بزووتنەوەی حەماس کوژران لەنێویانداو یەحیا سینوار، ئیسماعیل ھەنییە و ساڵح عاروری، سەرنج خرایە سەر خەلیل حەیە، بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس.
ھەروەھا خەلیل حەیە لە دوایین خولی ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی حەماس کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، کرایە سەرۆکی پەیوەندییەکانی عەرەبی و ئیسلامی.
خەلیل حەیە لە ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٧ بڕوانامەی دکتۆرای لە "زانستی فەرموودەكانی پێغەمبەر" لە زانکۆی قورئانی پیرۆز لە سوودان بەدەستھێناوە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین لە شاری غەززە ھەڵبژێردرا.
لە ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٧، سوپای ئیسرائیل خانووەکەی خەلیل حەیەی لە ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە بۆردومان کرد و لە ئاکامدا ھەشت کەس لە کەسوکار نزیکەکانی خەلیل حەیە کوژران.
ھەروەها کوڕێکی خەلیل حەیە بە ناوی حەمزه کە فەرماندەی مەیدانی بوو لە لیواکانی عیزەددین قەسام لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە میانی ڕووبەڕوونەوەیەکدا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە کوژرا.