Ramal Mahmood
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
نیویۆرک - AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ: "ئەمڕۆ جیهان بەچاوی خۆی بینی، ستەمکارێکی دیکتاتۆر مرد کە ماوەی ٦٠ ساڵ بوو گوشاری دەخستە سەر گەلەکەی. میراتی لەدوا بەجێماوی کاسترۆ لەسێدارەدان، ئازاری لەبن نەهاتوو، هەژاری و رەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. هیوادارم ئەمڕۆ کۆتایی بەو ستەمکارییە بێت کە ساڵانێکی زۆرە دەرهەق بە گەلی کوبا دەکرێت. گەلی کوبا بگاتە ئەو ئازادییەی کە شایستەیەتی".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرکردەی شۆڕشی کوبا، فیدڵ کاسترۆی بە "دیکتاتۆرێکی ستەمکار" لەقەڵەم دا، هیوایشی خواست لەگەڵ مەرگی کاسترۆ خەڵکی کوبا بە ئازادی شاد ببن.
ترەمپ لە دوای کۆچی دوایی کاسترۆوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، بەتوندی رەخنەی لە سەرکردەی شۆڕشی کوبا و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، فیدڵ کاسترۆ گرت.
پێشتر ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی "فیدڵ کاسترۆ کۆچی دوایی کرد"، ٣-٤ کاتژمێر دواتر لەو بارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ جیهان بەچاوی خۆی بینی، ستەمکارێکی دیکتاتۆر مرد کە ماوەی ٦٠ ساڵ بوو گوشاری دەخستە سەر گەلەکەی. میراتی لەدوا بەجێماوی کاسترۆ لەسێدارەدان، ئازاری لەبن نەهاتوو، هەژاری و رەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. هیوادارم ئەمڕۆ کۆتایی بەو ستەمکارییە بێت کە ساڵانێکی زۆرە دەرهەق بە گەلی کوبا دەکرێت. گەلی کوبا بگاتە ئەو ئازادییەی کە شایستەیەتی. ئەو کارەساتە تراجیدی و مەرگەساتانەی بەهۆی ستەمکاری کاسترۆ روویانداوە لەبیر ناچنەوە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی گەلی کوبا بگاتە ئازادی و خۆشگوزەرانی".
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا رەخنەی توندی لە ئۆباما دەگرت بەهۆی ئەوەی هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوبا ئاسایی بکاتەوە.
جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، مایک پێنس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کاسترۆی بە "بێبەزەیی" لە قەڵەم داوە و ئاماژەی بەوە داوە کە مەرگی کاسترۆ دەبێتە هیوایەکی گەش بۆ گەلی کوبا.