Mehmet Alaca
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
واشنتۆن - AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هەوڵیداوە رێگری لە ئیفادەدانی چەند راوێژکارێکی پێشووی بکات دەربارەی رووداوەکانی شەشی کانوونی دووەم و هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێس.
کۆمیتەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مانگی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە داوا لە بەڕێوبەری نووسینگەی پێشووی کۆشکی سپی، مارک میەدۆوس، بەرپرسی پەیوەندییەکان و یاریدەدەری بەڕێوبەری پێشووی نووسینگەکە، دانیەڵ سکاڤینۆ، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کاشیاپ پاتێڵ و راوێژکاری پێشووی ترەمپ، ستێفەن بانەن کراوە، رۆژانی 14 و 15ی تشرینی یەکەم دەربارەی رووداوەکانی تایبەت بە هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێس، ئیفادە بدەن.
باس لەوەش دەکرێت کە پارێزەرەکانی ترەمپ، نامەیان بۆ ئەو چوار راوێژکارە ناردوە و باسیان لەوە کردوە کە پێویستە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ترەمپ بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکرێن.
جێی ئاماژەیە لە کاتێکدا کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس، ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە رووداوەکانی شەشی کانوونی دووەمەوە هەبووە، بانگێشت دەکات و ئیفادەیان لێوەردەگرێت، ترەمپ داوایان لێدەکات خزمەت بەو لێکۆڵینەوانە نەکەن و ئیفادە نەدەن.
لای خۆشییەوە بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، کاشیاپ پاتێڵ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند بەردەوام دەبێت لە ئاشکرا کردنی راستییەکانی شەشی کانوونی دووەم بۆ گەلی ئەمریکا.
هەروەها ئەندامی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس، ئادام شیف ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەگەر هاوبەشەکانی ترەمپ هاوکاری لێکۆڵینەوەکە نەبن ئەوا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.