Abdullah Shukur
25 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەو تا ئێستا رازییە لەسەر ئەنجامدانی لوتکەیەکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون و راشیگەیاند کە دەکرێ لە لوتکەکەی ١٢ی حوزەیرانیش کۆببنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پێش چوونی بۆ رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی ھێزی دەریای ئەمریکا لە ماریلاند، لە باخچەی کۆشکی سپی لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد.
ترەمپ رایگەیاند کە ئەوان خۆشحاڵن بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی کۆریای باکوور و تا ئێستاش بە ئەرێنی دەڕوانێتە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون.
ترەمپ گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین بزانین چی دەبێت. تاکو ئێستا تاوتوێی پرسەکە دەکەین. کۆتا لێدوانی ئەوان (کۆریا باکوور) ئەرێنی بوو. کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ کیم دەکرێ لە ١٢ی حوزەیران ئەنجام بدرێ. ئەوان دەیانەوێ ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدەن، ئێمەش دەمانەوێ".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوێنێ لە کۆشکی سپی روونکردنەوەیەکی لەبارەی ھۆکارەکانی ھەڵوەشاندنەوەی لوتکەی ١٢ی حوزەیران بڵاوکردبووەوە کە بڕیاربوو لەم بەروارە کۆبوونەوەیەک لە نیوان سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکوور ئەنجام بدرێ.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون نووسی و تێیدا رایگەیاند کە بەشداری لە لووتکەکەی سینگاپور ناکات.
نامەکەی ترەمپ کە بۆ کیم جۆنگ-ئون نووسیویەتی لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکرایەوە کە تێدا ھاتووە "بەھۆی نیشاندانی توڕەیی و دوژمنایەتی ئاشکرا لەلایەن سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون لەو لێدوانانەی دوایی، ترەمپ بەشداری لە لووتکەی نێوان خۆی و سەرۆکی کۆریای باکوور لە سینگاپور ناکات کە بڕیاربوو لە ١٢ی حوزەیران ئەنجام بدرێ".
ھاوکات ترەمپ لە نامەکەیدا بەرگری لەوەش کرد کە کۆریای باکوور و جیھانیش دەرفەتێکی گەورەیان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی ھەمیشەیی لەدەستداوە.
سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم ھەڕەشەی لە ترەمپ کردبوو کە بەشداری لە لووتکەی سینگاپور نەکات بەھۆی ئەو مانۆڕە سەربازییە ھاوبەشەی لە نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ھەفتەی رابردوو دەستیپێکردووە.