واشنتۆن
جێگری نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە بواری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، برێت مەکگورک، گوتی: "هێشتا ھەڵمەتی نێودەوڵەتیی بەرامبەر داعش لە قۆناغی سەرەتادایە و رەنگە ھەڵمەتی لاواز كردنی ئەو رێكخراوە زۆر بخایەنێت".
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی داعش، کە لە كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکادا بەڕێوەچوو، مەكگورك وەڵامی ئەندامانی دایەوە و زانیاری لەسەر كاروباری ھاوپەیمانێتییەكە دا.
مەكگورك باسی ئەو دەسكەوتانەی ئەمریكا و ھێزەكانی ھاوپەیمانانی كرد کە لە سایەی ئۆپەڕاسیۆنە ئاسمانییەكان لە عێراق و سووریا بەدەست هاتوون.
مەكگورك گوتی: "ئەگەر تەماشای شەش مانگی پێش ئێستا بكەین، دەبینین كە سەركەوتنێكمان لە دژی داعش تۆمار كردووە. بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم کە ئەم ماوەیە درێژە و ھەڵمەتێكی چەند ساڵە دەبێت، ئێستا لە دەستپێکی قۆناغی ئاستی یەكەمین".
سەرۆكی كۆماریی خوازی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئێد رۆیس، كۆشكی سپی بە "بێ بڕیاریی لە بەرامبەر داعش" تۆمەتبار كرد و گوتی: "ئەو ناوچانەی لە وەرزی ھاویندا لە دەستی داعشدا بوون، ئێستاش بەو رادەیە هەر لە دەستیاندایە. ئەو گرووپانەی سووریا كە ئەمریكا پشتگیرییان دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، خاوەن پاڵپشتی تەواو نین".
رۆیس سەبارەت بە رەوشی عێراق گوتی: "پێشمەرگە ئێستاش كاریگەرترین ھێزە لە دژی داعش، بەڵام دەسەڵاتی ئۆباما و بەغدا رەتی دەکەنەوە پشتگیری پێویستی بداتێ بۆ ئەوەی دژی داعشێک كە زرێپۆش و چەكی قورس و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ھەیە، شەڕ بكات. بێجگە لە چەكی سووك ھیچ شتێكیان بۆ دابین نەكردووە".