کابول
گوتەبێژی پۆلیسی قەندەھار ئەحمەد دوریانی رایگەیاند ئەو شەش کەسەی سەریان بڕاوە بە شێوەی گرێبەست لە پڕۆژەیەکی حکوومەت کاردەکەن، گومان دەکرێ لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبان رفێندرابن و داتریش کوژرابن.
ھەر لەمبارەیەوە گوتەبێژی پارێزگاری قەندەھار جەواد فەیسەڵ ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. فەیسەڵ رایگەیاند: ئەو کرێکارانە رفێندراون و دواتریش کوژراون و رفێنەران پێیانوابووە ئەو کرێکارانە یان پۆلیس یان سەربازن.
بزوتنەوەی تاڵیبان بە شێوەیەکی گشتی ئەو سڤیل و سەربازانەی لە پڕۆژەی حکوومەت کاردەکەن بە خائین لە قەڵەم دەدات و دەیانکوژێت.
لەلایەکی دیکە لە باشووری ئەفغانستان سەربازێکی سەر بە ھێزی ئاشتی پارێزی نێونەتەوەیی گیانی لەدەستدا.
ھێزی ئاشتی پارێزی نێونەتەوەیی لە لێدوانێکیدا ئەو ھەواڵەی پشتڕاست کردەوە بێ ئەوەی دەربارەی شوێن و کات و ناسنامەی سەربازە کوژراوەکە زانیاری بدا.
زۆربەی ھێزی ئاشتی پارێزی نێونەتەوەیی لە باشووری ئەفغانستان، سەربازانی سوپای ئەمریکان.