Ahmet Dursun
15 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
ئێران یاداشتنامەی پەیوەندیدار بۆ بوون بە ئەندامی تەواو لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای واژوو کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند "ئێران لە شاری سەمەرقەند'ی ئۆزبەکستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە، ژانگ مینگ واژووی لەسەر یاداشتنامەی بەڵێندان بۆ بوون بە ئەندامی تەواو لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای کردووە".
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەمبارەیەوە نووسیوویەتی: "لەمەودوا دەچینە ناو قۆناغێکی نوێ بۆ هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئابووری، بازرگانی، گواستنەوە و وزە".
رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای کە تورکیا "هاوبەشی دیالۆگ"ە تیایدا، بۆ یەکەمجار بە ناوی پێنجینەی شەنگهای لە ١٩٩٦ دوای کۆبوونەوەی چین، رووسیا، کازاخستان، قیرغزستان و تاجیکستان لە شاری شەنگهای رۆژهەڵاتی چین و واژووکردن لەسەر رێککەوتنامەی پتەوکردنی ئاسایشی سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکان دامەزرا.
پێنجینەی شەنگهای کە دوای بەشداریکردنی ئۆزبەکستان لە ٢٠٠١ ژمارەی ئەندامانی گەیشتە شەش، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای. دواتر ئەندامێتی تەواوەتی پاکستان و هیندستانیش لە رێکخراوەکە پەسەند کرا. ئێرانیش لە ٢٠٠٥ وەک ئەندامی چاودێر بەشداری لە رێکخراوەکەدا کرد و پرۆسەی بوونی بە ئەندامی تەواو لە ئەیلوولی ٢٠٢١ دەستی پێ کرد.
لووتکەی ئەنجوومەنی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای بە میوانداری سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزییۆیێڤ لە ١٥-١٦ی ئەیلوول لە سەمەرقەند بەڕێوە دەچێت. جگە لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام و ئەندامانی چاودێر لە رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە لووتکەکەدا، هەروەها ژمارەیەک سەرکردەکانی وڵاتانی دیکەیش کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-یشیان لەنێودایە بانگهێشت کراون بۆ لووتکەکە.