Ramal Mahmood
15 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2017
قودس – AA
لە شاری تەلئەبیب پایتەختی ئیسرائیل، سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیران، بێنیامین ناتانیاهۆ ئیدانە کرا.
رۆژنامەی یەدیئۆت ئەهرۆنۆت بڵاوی کردەوە، سەدان هاووڵاتی ئیسرائیل لە گۆڕەپانی ئیسحاق رابین رێپێوانێکیان ئەنجام دا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بێنیامین ناتانیاهۆیان کرد.
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئەوەیان خستە روو کە حکوومەتی ناتانیاهۆ باجی سیاسەتی توندڕەوی و رەگەزپەرستی خۆی دەدات.
خۆپیشاندەران لەمیانی خۆپیشاندانەکەدا پانکارتی "گەندەڵی بنبڕ ناکرێت، با حکوومەت دەست لەکار بکێشێتەوە" بەرزکردبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە راپۆرتی رێکخراوی مافەکانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلدا هاتووە کە ساڵی ٢٠١٦ لە روانگەی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئیسرائیل ساڵێکی باش نەبووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل رێوشوێنی توند و سزای توندی گرتووەتە بەر لە دژی فەڵەستینیەکان و، ماف و ئازادییەکانیانی پیشێل کردووە و بەشێوەیەکی نەگونجاو هێزی لە دژیان بەکار هێناوە. تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی تادێت جیاکاری زیاتر بەرامبەر عەرەب، ئەسیوپی، جوولەکەکانی رۆژهەڵات، ژنان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت.