Ali Cura
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2022
کیێڤ- AA
لە ئۆکراینا بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی رووسیا و سوپای ئۆکراینا لە نزیک وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا کە گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی کیشوەری ئەورووپایە، ئاگر کەوتەوە.
گرتەی ڤیدیۆیی ساتی کەوتنەوەی ئاگرەکە لەڕێی کامێراکانی چاودێری وێستگە ئەتۆمییەکەوە تۆمار کراون و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە "YouTube" بڵاوکراونەتەوە.
گرتەکان ئەوە نیشان دەدەن کە لە شەودا، تەقینەوە لە نزیک وێستگەکەدا روویداوە و رووناکی دەستڕێژی گولـلەش دەبینرێت، هەروەها دوای تەقینەوەکانیش بەرزبوونەوەی دوکەڵ بەدیدەکریت.
دمیتری ئۆرلۆڤ، سەرۆکی شاروانی شاری ئێنەرهۆدار کە وێستگەکە دەکەوێتە ئەو شارەوە، بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد بەزووترین کات هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکە بوەستێندرێت.
- لە ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمیدا هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە
نووسینگەی راگەیاندنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا، ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە لەو شوێنانەی وێستگەکە کە ئاگر کەوتووەتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمیدا رووینەداوە.
هەروەها سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی زاپۆریژییا، ئالێکساندەر ستراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە رێگە بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دراوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بچنە شوێنی رووداوەکە.
دەزگای خزمەتگوزاری دۆخی لەناکاوی ئۆکراینا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئاگرەکە لە دەرەوەی وێستگە ئەتۆمییەکە و لە بینای مەشق و راهێناندا کەوتووەتەوە و لەئێستاشدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
ئێوارەی دوێنێ هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە تانکەکانی رووسیا چوونەتە ناو شارۆچکەیەکی نزیک وێستگە ئەتۆمییەکە.
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا، گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی کیشوەری ئەورووپایە و یەکێکیشە لە ١٠ گەورەترین وێستگە ئەتۆمییەکانی جیهان.