واشینتۆن
رۆژنامەی نیویۆرك تایمس لە سەر زاری بەرپرسێكی باڵای وزارەتی بەرگری ئەمریكا بڵاوی كردەوە كە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، فەرمانی بە ھێزە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی داوە كە لە سوریا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە سەر تیرۆریستانی داعش دەست بە جموجۆڵ بكەن بۆیە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەستی بە ئامادەكاری بۆ ناردنی فڕۆكە هەواڵگرییەكان و فڕۆكەجەنگییەكان بۆ سوریا كردووە.
بە پێی ھەمان سەرچاوە كاربەدەستانی ئەمریكا بۆ سوڕانەوەی فڕۆكە سیخۆرییەكانیان بە سەر ئاسمانی سوریا هەماهەنگی لەگەڵ ئەو بەرپرسانی سوری ناكات.
لە لایەكی دیكەوە كەناڵی CNN لە سەر زاری سەرچاوەیەك كە ناوی ئاشكرا نەكردووە بڵاویكردەوە كە سوڕانەوەی فڕۆكە سیخۆرییەكانی ئەمریكا لەسەر ئاسمانی سوریا پەیوەندی بە كات هەیە و ھەر كات ئەو فڕۆكانە دەست بە سۆڕانەوە یكەن زانیاری لە بارەی سەركردایەتی تیرۆریستانی داعش و مۆڵگەكانی ئەو تیرۆریستانە كۆ دەكەنەوە.
ئاژانسی ئاپی ئەمریكیش لە سەر زاری بەرپرسێكی دیكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش ئەمریكا پێویستی بە زانیاری و هەواڵگرییی باوەر پێكراوە ھەیە، بۆیە سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی بە ھێزە ئیستیخباراتییەكان داوە لە سەر ئاسمانی سوریا بسۆڕێنەوە و زانیاری لە بارەی داعشەوە كۆ بكەنەوە.
بە پێی ئەو ھەڵسەنگاندنانەی كە لە لایەن كەناڵە جیاجیاكانی میدیاییەوە بڵاو كرانەوە، دەركردنی فەرمان لە لایەن ئۆباماوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە سوریا لە بارەی داعشەوە نیشانەی ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆ سەر داعش لە سوریایە.
لە لایەكی دیكەوە زانرا كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە بارەی لێدانی داعش لە سوریا لەسەر چەند بژاردەیەك لێكۆڵینەوە دەكات و دواتر راپۆڕتێك لەو بارەوە پێشكەشی ئۆباما دەكات.
گوتەبێژی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئەمریكا، ئەد تۆماس گوتی: "سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش لە سوریا و عێراق دەستی بە ئامادەكاری بژاردە جیاجیاكان كردووە".
لە لایەكی دیكەوە تا ئێستا كۆشكی سپی لە بارەی دەركردنی فەرمانی سۆڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لە سوریا لە سەر داعش ھیچ جۆرە لێدوانێكی نەداوە.
گوتەبێژی كۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی، كایتلین ھایدەن لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵودا رەتی كردەوە لە بارەی هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنەكانەوە بتوانێ قسە بكات و گوتی: تا ئێستا ئۆباما ھێشتا بڕیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی دیكە دەرنەكردووە و ئەمەیش بە ھۆی پاراستنی خەڵكی ئەمریكایە بەڵام ئەگەر پرسی ئاسایشی خەڵكی ئەمریكا بكەوێتە رۆژەڤ ئەوا بژاردەكانی سەر مێزی ئەمریكا لە چوارچێوەی سنوورە سیاسییەكاندا بەرتەسك نابن.