تەندروستی

"یەک نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر هەیە"

- بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان: "پێشنیازی دوورستکردنی دوو نەخۆشخانەی دیکەی منداڵان دەکەین چونکە بەپێی رێژەی دانیشتووان یەک نەخۆشخانە کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری نەخۆشی منداڵ زۆر هەستیارە و دەبێت ئاگاداربین".

Heman Hussein Yaseen  | 27.09.2019 - نوێکردنەوە : 28.09.2019
"یەک نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر هەیە"

Arbil


هەولێر - AA

لە شاری هەولێر یەک نەخۆشخانەی منداڵان هەیە و بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیەش رایدەگەیەنێت کە بەپێی رێژەی دانیشتووان، شاری هەولێر پێویستی بە دوو نەخۆشخانەی دیکە هەیە بۆ ئەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان کەم بێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە رۆژانە هەزار بۆ هەزار و ٥٠٠ کەس سەردانی بەشی راوێژکارییەکان دەکەن و لە هەمانکاتدا رۆژانە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ منداڵ لەم نەخۆشخانەیە دەخەوێندرێن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان، دکتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی هەر سێ بەشی نازوڕ، رژێن و چاودێری چڕ کە سێ بەشی هەرە گرنگن لە نەخۆشخانەکەمان کرایەوە، لەمەودوا پێویست ناکات بۆ پشکنین منداڵان بنێردرێنە دەرەوەی وڵات و ئێستا پشکنینەکان لە نەخۆشخانە دەکرێن، چونکە تا ئێشتا بەشی نازوڕ تەنها بۆ گەوران هەبوو، ئیستا بۆ منداڵانیش کراوەتەوە و پێویست ناکات منداڵان بچنە دەورەی هەرێم، هەروەها بەشی رژێن کە ئامێری پێشکەوتوومان بۆ هاتووە و دەتوانین زیاتر چاودێری منداڵەکە بکەین و لە مردن رزگاریان بکەین و ئەمەش شتێکی گرنگ بوو، رێژەی مردنیش کەمتر دەبێتەوە بە بوونی ئەم ئامێرانە، بەشی چاودێری چڕیش کە لە هەموو هەولێر لە نەخۆشخانەی حکوومی بوونیی نییە و لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ یەک شەو بڕی یەک ملیۆن دینار وەردەگیرێت و لەمەودوا لێرە بەخۆڕایی نەخۆش وەردەگرین و تەنها چاوەڕێی ئەوەین کە کارمەندەکانمان خولی تەواو ببینین و لە مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبن".

سەبارەت بە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی رۆژانە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن، دکتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد گوتی: "نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان، زۆربەی بەشەکانی منداڵانی تێدایە وەک فریاکەوتن، راوێژکاری، منداڵە ناکامەکان، نەشتەرگەری منداڵان، تاقیگە، بەشی تیشک و سۆنارمان هەیە و رۆژانە راوێژکاریمان دەگاتە هەزار تا هەزارو ٥٠٠ کەس و دخولمان دەگاتە ١٠٠ تا ٢٠٠ کەس کە رۆژانە داخل دەبن و ئەو نەخۆشانە تەنها لە شاری هەولێر نییە بەڵکو بەشێکی زۆریش لە ئاوارە و پەنابەرەکان سەردانمان دەکەن".

لەبارەی گیروگرفتەکانیش لەبەردەم کەرتی تەندروستی، عەبدولسەبور ئەحمەد گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی گیروگرفتەکان کەمی دەرمان، کەمی ستافە، چونکە وەکو ستاندارد، دەبێت هەر سێ نەخۆش، پەرستارێکی هەبێت، بەڵام ئێمە بۆ ٣٥ نەخۆش یەک پەرستارمان هەیە و ئەمەش وا دەکات خەڵک گلەیی بکات و لە بەشی راوێژکاری هەر نەخۆشێک دوو خولەکی بەردەکەوێت کە دکتۆر سەیری دەکات لە کاتێکدا هەر نەخۆشێک پێویستی بە زیاتر لە نیو کاتژمێر هەیە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان دکتۆر گوتیشی: "لە تاقیگەکان لەسەر ئامێرەکە دەنووسرێت نابێت لە رۆژێکدا ١٠٠ پشکنینی زیاتر پێ ئەنجام بدرێت، بەڵام زیاتر لە هەزار پشکنینی پێ ئەنجام دەدرێت و ئەمەش وا دەکات ئەنجامەکە هەڵە بخوێنێتەوە و لە راستیدا ستافەکانمان لۆدێکی زۆریان لەسەرە".

لەبارەی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی و بەتایبەت نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان، دکتۆر عەبدولسەبوور ئەحمەد گوتی: "پێشنیازی دوورستکردنی دوو نەخۆشخانەی دیکەی منداڵان دەکەین چونکە بەپێی رێژەی دانیشتووان یەک نەخۆشخانە کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری نەخۆشی منداڵ زۆر هەستیارە و دەبێت ئاگاداربین، ئامێرێکمان بۆ هاتووە قیاسی دڵۆپەکان دەکات لە پێدانی بە نەخۆش و ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنێین و وا دەکات کە بتوانین خزمەتی زیاتر نەخۆش بکەین".

ناوبراو گوتیشی: "زۆربەی نەخۆشەکان متمانەیان بە بنکە تەندروستییەکان نییە و رەوانەی لای ئێمەی دەکەن و ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە، پێویستە لە بنکە تەندروستییەکان، پسپۆڕیی لە هەموو بەشەکان هەبێت بۆ ئەوەی نەخۆش پێویستیی بەوە نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەی دیکەی بکەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın