ھەولێر
رۆژی چوار شەممە ١٥ی کانوونی دووەم، کۆنفرانسێک بۆ بەشداریکردنی گەنجان لە پاراستنی ژینگە، لە ھۆتێل چوار چرای شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لە لایەن سەنتەری کات بۆ ھۆشیاریی و راھێنانی لاوان، بە ھاوکاریی رێکخراوی فریاگوزاریی میللی نەرویجی ساز کرا و تێیدا پرۆژەی بەشداری لاوان لە ژینگە پارێزیی و پاراستنی ئاو وەک سامانی وڵات خرانەڕوو.
بەختیار محەمەد، لە سەنتەری کات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سێ تویژینەوەمان لە بەر دەستدایە لەبارەی ژینگە و ئاو و خاکەوە،ھەموو ئەو کێشانەی دووچاری ژینگەی ھەرێم دەبن روون دەکرێنەوە. دەرکەوتووە زۆر ھۆکار ھەن کە لە بەر چاون بۆ پیسکردنی ژینگەی کوردستان لەوانە: جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی نەوت هەڵگۆزین لە نێو ھەرێمی کوردستان تێیدا رووبەرێکی زۆری زەویی کشتوکاڵی و دارستان لەبەین چوون بەهۆی ئەو پرۆژانەوە."
بەختیار دەڵێ هەرچەندە نەوت بۆتە ھۆی گەشەسەندنی ئابووریی کوردستان، بەڵام لە ھەمان کاتدا زیانی زۆری گەیاندووە بە ژینگەکەی.بەرچاوترینیان، وشک بوونی رووبەری زیاتری خاکی هەرێم، دروستبوونی بومەلەرزە و چەندین نەخۆشیی جۆر بە جۆر.
لە کۆنفرانسەکەدا پێشنیار کرا: لەکاتی داڕشتنی پرۆژەکانی نەوت، با لە بەرامبەردا پرۆژەی دارستان و ژینگەپارێزیی جێبەجێ بکرێ.
پرۆفیسۆر جینان جەبار، لە بەشی زانستەکانی ژینگە لە زانکۆی سەڵاحەدین هۆشداریی دەدا لە ئەگەری وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان.
جینان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پارێزگاریی لە ژینگە، ئەرکی تاک بە تاکیکۆمەڵگەیە. لە بەکارھێنانی ئاو پێویستی زۆرمان بە هۆشیارییە دەبێ خەڵک بزانن سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا هەڵدەقڵێ، ئەگەر تورکیا بە بەنداوەکان وشکیان بکا ئەوا دووچاری کێشەی کەمبوونەوەی ئاوی کشتوکاڵی و خواردنەوە دەبینەوە."