تەندروستی

هەولێر.. ئەنجامدانی کەڵەشاخ

- مامۆستای ئایینی، مەلا عەلی تاھیر: "ماوەی ١٦ ساڵە ئەو کارە دەکەم و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٥٥ ھەزار کەڵەشاخم بۆ خەڵک کردووە و ئەمەش کاتی خۆی ھەیە کە باشتر وایە لە مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار ئەنجام بدرێت".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 24.04.2019 - نوێکردنەوە : 17.06.2019
هەولێر.. ئەنجامدانی کەڵەشاخ

Arbil

هەولێر - AA

پسپۆڕ و شارەزایانی بواری کەڵەشاخ لەژێر رۆشنایی فەرموودە و توێژینەوە زانستییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە خوێنی ناچالاک لە لەشی مرۆڤ لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا کۆدەبێتەوە ئەویش بریتییە لە بەشی سەرەوەی پشت و بە دەرھێنانی ئەو خوێنە، مولوولەکانی خوێن دەکرێنەوە و سووڕی خوێن چالاکتر دەبێت. ئەم کردارەش کاتێکی دیاریکراوی هەیە کە وەرزی بەھارە.

کەڵەشاخ دوو جۆری هەیە کە پێیان دەڵێن کەڵەشاخی وشک و کەڵەشاخی تەڕ کە جۆری دووەمیان باوە و خەڵک زیاتر کەڵەشاخی تەڕ ئەنجام دەدات کە بریتییە لە راکێشانی هەندێک خوێن لە بەشی سەرەوەی پشت و ئەم کردارەش لە وەرزێکی تایبەت دەکرێت و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ بابەتی فەلەکناسیی دەگەڕێننەوە.

کەڵەشاخی وشک بریتییە لەوەی تەنھا کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و تەنها ھەوای ناو کاسەکە رادەکێشرێت و ھیچ شوێنێکی پشت بریندار ناکرێت، بەڵام کەڵەشاخی تەڕ بریتییە لەوەی کە کاسەی خوێن وەرگرەکە لەسەر شوێنێکی پشت دادەنرێت و ھەوای ناو کاسەکە ھەڵدەمژرێت پاشان چەند شوێنێکی کەم لە پشت بریندار دەکرێت و دووبارە کاسەکە دادەندرێتەوە و بەمەش دوای چەند خولەکێک بەشێک لە خوێنە پیسەکە دەڕژێتە ناو کاسەکە و ئەو کردارەش وەک پسپۆڕان باسی دەکەن، پێویستە ھەموو کەسێک ساڵی جارێک ئەنجامی بدات.

مامۆستایەکی ئایینی کە ماوەی ١٦ ساڵە ئەم کارە ئەنجام دەدات، وەک خۆی دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٥ هەزار کەڵەشاخی بێ بەرامبەر بۆ خەڵک ئەنجامداوە و ئاماژە بە سوودەکانی ئەو کردارە دەکات وەکو پێویستییەکی ساڵانە.

لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری ھەولێر، مامۆستای ئایینی، مەلا عەلی تاھیر کە ھەڵگری بڕوانامەی ماستەرە و توێژینەوەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی "کەڵەشاخی نموونەیی لە نێوان پزیشکی نەبەوی و پزیشکی سەردەم" بووە، لەکاتە گونجاوەکاندا بەبێ بەرامبەر کەڵەشاخ بۆ خەڵک ئەنجام دەدات.

مەلا عەلی تاھیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەڵەشاخ بریتییە لەو خوێنەی کە ناچالاک و پیربووە و لە بەشی سەرەوەی پشت کۆ دەبێتەوە، ئەو خوێنە جیاوازە لەو خوێنەی کە لە دەمارەکان وەردەگیرێت، چونکە خوێنی دەمارەکان خوێنێکی سروشتییە و ئەوەی لە پشت کۆدەبێتەوە خوێنێکی ناسرووشتییە و پیربووە".

ئەو مامۆستا و شارەزاییەی بواری کەڵەشاخ ئاماژەی بە کاتەکانی ئەنجامدانی ئەو کردارە کرد و گوتی: "ماوەی ١٦ ساڵە ئەو کارە دەکەم و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٥٥ ھەزار کەڵەشاخم بۆ خەڵک کردووە و ئەمەش کاتی خۆی ھەیە کە باشتر وایە لە مانگەکانی ئادار و نیسان و ئایار ئەنجام بدرێت، ئەوانیش لە ھەر مانگێک دەبێت تەنھا لە ماوەی ١٠ رۆژ ئەنجامی بدەین ئەوانیش لە ١٧ی ھیجری دەست پێدەکات تا ٢٧ی ھیجری، بەڵام ئەو رۆژانەی کە فەرموودەی پێغەمبەری لەسەرە بریتییە لە ١٧ و ١٩ و ٢١ی مانگی ھیجری".

لەبارەی ھۆکاری کاتەکە و دیاریکردنی ئەو چەند رۆژە کە کارەکەی تیادا ئەنجام بدرێت، مەلا عەلی تاھیر گوتی: "ئەمە حاڵەتێکی فەلەکناسییە و لەو چەند رۆژەدا مانگ پڕ نییە چونکە ئێمە سەیر دەکەین کاتێک مانگ پڕ دەبێت لە شەودا، ئەوا شەپۆڵی دەریاکان جووڵەیان زیاترە و لە رۆژدا کەمتر شەپۆل دەدەن، بە ھەمان شێوە لەم چەند رۆژەدا سووڕی خوێن لە جەستەی مرۆڤ کەمتر چالاک دەبێت لەبەرەبەیان و ھەر بۆ ئەوەشە کە رێنمایی دەدەین بۆ ئەو کەسانەی کەڵەشاخ بۆخۆیان ئەنجام دەدەن ئەوا باشتر وایە ھیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخۆن بۆ ئەوەی سووڕی خوێن چالاک نەبێت و بتوانرێت خوێنە نا چالاکەکە بێتە دەرەوە".

سەبارەت بە شێوازەکانی کەڵەشاخ، مەلا عەلی تاھیر گوتی: "دوو شیواز بۆ کەڵەشاخ ھەیە، یەکەمیان ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەین بە رێگای کاسە و ئاگر، ئەوەی دووەمیان بە رێگای پەمپ ئەنجام دەدرێت کە ئێمە رێگای یەکەممان پێ تەندروستترە، چونکە بە رێگای یەکەم کاتێک ئاگر دەخەیتە ناو کاسەکە ئەوا یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دروست دەکات و بەم جۆرەش ھیچ بەکتریایەک ناتوانێت بچێتە ژوورەوە، بەڵام ئەوەی دووەم کە بە رێگای پەمپ ئەنجام دەدرێت ناتوانێت رێگا لە بەکتریا و ڤایرۆس بگرێت".

قسە زۆرە لەبارەی ئەوەی ئایا لەدوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ نابێت ھەموو جۆرە خواردنێک بخورێت و لەمبارەیەوە مەلا عەلی تاھیر گوتی: "دوای کەڵەشاخ بۆماوەی دوو رۆژ نابێت بەرووبوومەکانی شیرەمەنی وەکو ماست و پەنیر و شیر بخورێت و باشترە راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ئەو کردارە، خورما بخورێت".

یەکێک لەو چەند کەسەی کە بە مەبەستی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ھۆڵی مزگەوتەکە دانیشتبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵ دەبێت ئەو کارە ئەنجام دەدات و وەک خۆی دەیڵێت سوودی لێ بینیووە و توانیوویەتی خۆی لە نەخۆشی بیپارێزێت.

ھاووڵاتییەک بەناوی رەوەند لەتیف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دوو ساڵە کەڵەشاخ ئەنجام دەدەم و دوای ئەنجامدانیشی هەست بە ئاسوودەیی دەکەم لە رووی تەندروستی و دەروونییەوە و داوا دەکەم هەموو کەس ساڵێ جارێک کەڵەشاخ ئەنجام بدات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın