Heman Hussein Yaseen
28 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێر، موحسین دزەیی رایگەیاند "رێکخراوی تەندروستی جیهانی سێ تاقیگەی باوەڕپێکراوی لە عێراق دەستنیشانکردووە کە یەکێکیان تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێرە".
موحسین دزەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێر، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە لە دەرەوەی ناوچەی ئێمە، ئامادەکاریمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کردووە، پێشتر ئامێرەکانمان هەبوو، بەڵام کیتمان نەبوو، دواتر بە هەوڵی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانرا لە رێگای رێکخراوی تەندروستی جیهانی کیت-ەکان دابین بکرێت، دوای ئەوە دەستمانکرد بە پشکنین بۆ ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت تووشبووببن".
موحسین دزەیی گوتیشی: "تا ئێستا لە کۆی هەموو پشکنینەکان، سەرجەمیان ئەنجامەکەیان نەگێتڤ دەرچووە، ئەم پشکنینە بۆ هەموو کەسێک ناکرێت مەگەر کەسێک کە گومان بکرێت تووش بووە و ئەویش بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت، سەرەتا لێی وریا دەبینەوە، دواتر پشکنینی بۆ دەکەین و دەگەین بە ئەنجام و پاشان جۆری نەخۆشییەکە دەدۆزینەوە، هەموو ئەو پڕۆسەیەش ماوەی سێ کاتژمێری پێویستە و ئەنجامەکە دەردەچێت".
بەڕێوەبەری تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێر دڵنیایی دەدات بە هاووڵاتییان لەبارەی کەلوپەلی تاقیگەکە و راشیدەگەیەنێت کە تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێر یەکێک لەو تاقیگەیانەیە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە باوەڕپێکراوە و لەمبارەیەوە گوتی: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەڵسا بە دابینکردنی کیت بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەو نەخۆشییەیان لێ بڵاوبووەتەوە و لە عێراق سێ تاقیگەیان دەستنیشانکرد، یەکێکیان تاقیگەی گشتی تەندروستی هەولێر، یەکێکی دیکە تاقیگەی گشتیی بەغدا و ئەوەی دیکەشیان لە نەجەف-ە، ئەنجامی ئەو شوێنانە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی باوەڕپێکراوە بۆ ئەم پشکنینە".
موحسین دزەیی گوتیشی: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەیەکی زۆری کیت-ی دابینکردووە، هەفتەی داهاتووش ژمارەیەکی زۆری دیکە دەگات، پێداویستی تەواومان هەیە بۆ پشکنین و ئامێرەکانیشمان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کوالێتییان زۆر باشە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا شەش حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراوە و هەرێمی کوردستانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە سەرجەم رێکارە تەندروستییەکانی گرتووەتەبەر و دوێنیش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەنتەری چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە.