Şenhan Bolelli
28 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2021
مەدرید - AA
یانەی بارسێلۆنا ئیسپانی، کۆتایی هێنا بە ئەرکی راهێنەری هۆڵەندی یانەکە، رۆناڵد کۆیمان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ''یانەی بارسێلۆنا ئەم ئێوارەیە راهێنەری یانەکە کۆیمان لە کار دوورخستەوە. سەرۆکی یانەکە، خوان لاپۆرتا لە دوای شکستی بەرامبەر رایۆ ڤالیکانۆ بڕیارەکەی بە خۆی راگەیاندووە''.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆیمان ئەم پێنجشەممەیە ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سوپاسی ئەو راهێنەرە هۆڵەندییە کراوە بۆ کارەکانی و هیوای سەرکەوتن خوازراوە لە کاری داهاتوویدا.
یانەی بارسێلۆنا بە ١٥ خاڵ نۆیەمین ریزبەندی خولەکەی گرتووە و تا ئێستا لەم وەرزەدا لە کۆی ١٠ یاریی چواری بردووەتەوە و سیان یەکسان بووە و لە سیانیشیاندا شکستی هێناوە.
دوای ئەوەی یانە کەتەلۆنیەکە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لە یاریگای خۆی ٢-١ بە ریال مەدرید دۆڕا، شەوی رابردووش بە ئەنجامی ١-٠ بە رامبەر رایۆ ڤالیکانۆ شکستی هێنا.
کۆیمان کە نزیکەی ١٥ مانگ وەک راهێنەر لە بارسێلۆنا کاری کردووە لە ٦٧ یاریدا رابەرایەتی یانەکەی کردووە، لەوانەش ٣٩ یاریی بردووەتەوە ١٦یانی دۆڕاندووە و لە ١٢شیاندا یەکسان بووە.
کۆیمان وەرزی رابردوو، جامی پاشای لەگەڵ بارسێلۆنا بردەوە.
میدیاکانی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خاڤی هێرناندێز بەهێزترین کاندیدە بۆ جێگرتنەوەی کۆیمان لە بارسێلۆنا .