Ramal Mahmood
18 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
هەکاری - AA
لەشارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەربە پارێزگای هەکاری، خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی هێرشەکانی پەکەکە ئەنجام درا.
وێڕای شەپۆلی سەرماسۆڵە لە شارۆچکەکە نزیکەی سێ هەزار کەس لە شەقامی ئیپەکیۆڵو گردبوونەوە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا و کێشانی هوتافی "گیانم بە قوربانت بێ نیشتمان"، "خوا سزات بدات پەکەکە"، "شەهید نەمرن و وڵات دابەش نابێت"، "تورک و کورد بران پەکەکە دزێوە" تاکو ناو بازاڕ رێگەیان بڕی. لەو میانەیەدا لە مزگەوتی مەرکەز ئیحسانییە قورئانیان خوێند و نزایان بۆ شەهیدان کرد.
دواتر لە فولکەی کۆنی گرتووخانە لە شەقامی جەنگیز تۆپەل چوونە بەردەم میوانخانەی حکوومەت و خۆپیشاندانەکە لە لای بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی هاتوچۆ کۆتایی پێهات.
بەرلە کۆتایی هاتن بە خۆپیشاندانەکە قایمقایمی یوکسەکۆڤا، مەحمود کاشکچی گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "لە منداڵی حەوت ساڵییەوە تاکو بەساڵاچووی ٧٠ ساڵی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانە کرد. خەڵکی یوکسەکۆڤا بەدەم لێدوانەکەی بەڕێز سەرکۆمارەوە هاتن بۆ ئەوەی سەفەربەرلیک بێت و ئیدی تیرۆر نەیەتە ئەم وڵاتە و ئاسایش بەرقەرار بێت. خەڵک وا هاتە سەر شەقام و دەیانەوێت داهاتووی خۆیان بونیات بنێن. سوپاسی هاووڵاتییانی یوکسەکۆڤا دەکەم بۆ بەشداریکردنی گەرمیان لەو خۆپیشاندانە. داهاتووی ئێمە لێرەیە. جگە لێرە شوێنێکی دیکەمان نییە رووی تێ بکەین. لە سووریا و عێراق خەڵک دەربەدەر دەبێت و روو دەکەنە ئانادۆڵو. خاکی ئێمە بە هانای هەموو پەنابەرانەوە دێت. وەک خەڵکی یوکسەکۆڤا دەڵێین با ئیدی ئاشتی و ئاسوودەیی باڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت و تیرۆر کۆتایی پی بێت".
تاهیر ئۆزتەپە کە یەکێکە لە موختارەکانی یوکسەکۆڤا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم خۆپیشاندانە بۆ نیشاندانی و دەرخستنی برایەتی و پێکەوەژیانە، بە تورک و کورد و لاز و چەرکەزەوە خەڵک هەڵوێستی نیشتمانی خۆی دەردەبڕێت و گوتی: "تورکیا وڵاتی هەموومانە. ئەو ئاڵایەش ئاڵای هەموومانە. ئەو خۆپیشاندانە زۆر باش بەڕێوەچوو. هەموومان رۆڵەی ئەم خاکەین و جیاوازیمان نییە".
هاووڵاتی خالید ئاکسۆی کە لەگەڵ خێزانەکەی بەشداریان لە خۆپیشاندانەکە کردبوو، گوتی: "هەموو کەس پشتگیری خۆپیشاندانەکەی کرد. گەلی تورک و کورد بران".
فەرماندەی لیوای سێی پیادەی یوکسەکۆڤا، عەمید مەتین تۆکەل سەرۆکی لقی یوکسەکۆڤای ئاک پارتی، موسلیم ئۆرتای و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی شارۆچکەکەش بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد.