دیاربەکر
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و ھاوکاری بۆ ستەمباران (مەزڵوم-دەر) لقی دیاربەکر، دەستی بە ھەڵمەتێک بۆ نەھێشتنی سستێمی پاسەوانی گوندەکان کرد.
جێگری لقی دیاربەکر گوتی "بروامان وایە لەم ماوەیەدا کە بە قۆناغی پرۆسەی ئاشتی ناو دەبرێ یەکەم شت پێویستە سیستمی پاسەوانی گوندەکان لاببرێ".
جیھان ئولسەن جێگری لقی دیاربەکری مەزڵوم-دەر، لە کۆبوونەوەیەکدا گوتی "لە قۆناغی پرۆسەی ئاشیدا داوای چەکدانان دەکرێ، بوونی پاسەوانی گوندەکان و پیاسەکردنیان بە چەکەوە واتای ئەوەیە رژێم لایەنگری تاوان و بەرھەمھێنانی تاوانبارانە".
جیھان ئولسەن ئاماژەی بەوە دا "بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠-٢٠٠٩، پاسەوانی گوندەکان ٢٩٩ ھێرشیان ئەنجام داوە و تێیاندا ١٩٩ کەس بوونەتە قوربانی و ٢١٢ کەسیش بریندار بوون. پاسەوانەکان ٣٨ گوندیان سوتاندوە، خەڵکی ١٤ گوندیان دەربەدەر کردوە و گوندەکانیان چۆڵ کردوون، ٤٥٤ کەسیش توشی ئازار و ئەشکەنجە ھاتوون. دەستدرێژێی سێکسی لە ١٢ کەس کراوە، بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەت لەپشتیان بووە، جگە لە چەند سزایەکی بچووک، ھیچکامیان سزایەکی ئەوتۆ نەدراون. سیستمی پاسەوانی گوندەکان میکانیزمی تاوانە و دەبێ لاببرێ".